سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کۆبووەوە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارە فەرمییەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای ھاوبەشیی ڕاستەقینە و دەستوور کرایەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٣-٥-٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی پڕۆسەی سیاسی و دۆخی گشتیی عێراق کرا، ھاوکات پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بوو.
ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەھێزکردنی ئاستی لەیەکتێگەیشتن، ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی تەواوی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی ھاوبەشیی ڕاستەقینە، ھاوسەنگی و سازان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.




