ماڵپەڕی KDP.info گەشەکردنی گەشتیاری و ئاوەدانکردنەوەی خەبات دەخاتەڕوو

خەبات-KDP.info- قایمقامی قەزای خەبات ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی ئاوی خەبات وەک یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێم بە گوژمەی نزیکەی ٢٠٠ ملیار دینار دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکە دەهێنێت.
کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای خەبات لە سێکتەرەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، تەندروستی، پەروەردە، کارەبا و ڕێگەوبان جێبەجێ کراون. ئێستا پڕۆژەی ڕووناکی تەواوی قەزاکەی گرتووەتەوە، هاوشان لەگەڵ پڕۆژەی ئاودێریی خەبات کە جووتیارانی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن.
قایمقامی خەبات تیشکی خستە سەر پڕۆژە گەورەکان و گوتی، ''پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی خەبات کە ئاو لە زێی گەورەوە بۆ قەزاکە دابین دەکات، بڕیارە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە یەکجاری کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکات. هاوکات، دیزاین بۆ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لەسەر زێی گەورە کراوە و چاوەڕێی ڕەزامەندین بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ڕووی گەشتیارییەوە گەشە بکات، ئێستاش پڕۆژەیەکی ئاو بۆ دارستانی خەبات لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
سەبارەت بە سێکتەری ڕێگەوبان، کوێستان ئەحمەد ڕوونی کردەوە، ''لە ناو سەنتەری خەبات، ناحیە و گوندەکاندا چەندین ڕێگە قیڕتاو یان کۆنکریت کراون، ڕێگەی سەرەکایی هەولێر-خەباتیش لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە. هەروەها داوامان کردووە ڕێگەی خەبات بۆ ئیفراز کە ڕێگەیەکی ستراتیژییە و سێ پارێزگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بکرێتە دووساید، چونکە ئەم دەروازەیە پێویستی بە گرنگیپێدانی زیاترە.
قائید میرۆ




