٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەورامی لە کالیفۆرنیا: ڕەوەندی کوردی دەتوانن بازنەی دۆستایەتیی کوردستان فراوانتر بکەن

سەرچاوە: KDP.info

کالیفۆرنیا-KDP.info- دکتۆر هێمن هەورامی، لە کۆڕێکی سیاسیی کراوەدا لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، دوایین گۆڕانکارییەکانی هەرێم و ناوچەکەی بۆ هەڤاڵانی حزب ڕوون کردەوە و جەختی لەسەر ڕۆڵی کارای ڕەوەندی کوردستانی کردەوە.

دکتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری (ساندیاگۆ)ی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، بەشداری لە کۆڕێکی سیاسیی کراوەدا کرد کە لەلایەن لیژنەی ناوچەی کالیفۆرنیای سەر بە لقی حەوتی پارتییەوە ڕێکخرابوو.

لەمیانی کۆڕەکەدا، د. هێمن هەورامی بە وردی تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، و سیاسەت، هەڵوێست و بۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.

هەورامی جەختی لەسەر ڕۆڵی کارای ڕەوەندی کوردستانی کردەوە و ڕایگەیاند، ''ڕەوەندی کوردی دەتوانن چالاکانەتر بەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەیان هەڵستن، دەنگ و پێگەی ڕەوای خەڵکی کوردستان بە ناوەندەکانی دەرەوە بگەیەنن و بازنەی دۆستایەتیی گەلی کوردستان فراوانتر و کاریگەرتر بکەن.

دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوامیی هەوڵەکانی ڕەوەندی کوردی بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و نەوەکانیان لەسەر فێربوون و پاراستنی زمانی کوردی و هۆشیاربوونیان بەرامبەر بە دۆخی کوردستان، ئەرکێکی پیرۆزی نیشتمانییە. لە کۆتاییی کۆڕەکەشدا، بە وردی وەڵامی پرسیار، سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووان درایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار