٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کۆبووەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/4، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی زنجیرە دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ بەڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراقی فیدراڵى کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی پیرۆزبایی بۆ ڕاسپاردنی بە ئەرکی سەرۆکایەتیی حکوومەت، هیوای سەرکەوتنی بۆ به‌ڕێز ئه‌لزه‌یدى خواست. هەروەها ئامادەیی و پشتگیریی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و سەرکەوتنی حکوومەتەکەی دەربڕی.

لای خۆیەوە، بەڕێز ئه‌لزەیدی سوپاس و پێزانینی بۆ هەڵوێستی ئەرێنی و پشتگیرییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نیشان دا، هه‌روه‌ها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی خێراکردن لە پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی کارامە کردەوە کە ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان و وەڵامدەرەوەی ئاڵنگارییه‌كان و ویست و داواکارییەکانی هاووڵاتییان بێت.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ داكۆكییان لە کارکردنی هاوبەش کردەوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکانی عێراق به‌گشتى و هەولێر و بەغدا به‌تایبه‌تى، بە شێوەیەک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەموو لایەک پارێزراو بن.

لە کۆتاییدا، هەردوولا هاوڕا بوون کە قۆناغەکە پێویستی بە هەماهەنگیی ئاستبەرز و کاری پێکەوەییی نێوان تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان هەیە، بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ ته‌واوى وڵات

هەواڵی پەیوەندیدار