وەزیر لە ڕێگەیKDP.infoوە باسی سەرکەوتنی سیستمە نوێیەکەی قەرز دەکات

هەولێر-KDP.info- وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی گەشانەوە بە ڕێکارێکی زۆر ورد و بێ واستەن جێبەجێ دەکرێت، ئاشکراشی کرد کە لە ٢٥ پڕۆژەی قۆناغی یەکەم، ٢٤ پڕۆژەیان بەڕێژەی ١٠٠٪ سەرکەوتوو بوون.
کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''پێدانی قەرزی بچووک و مامناوەند لە ڕێگەی پڕۆژەی (گەشانەوە) گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە. بۆ ئەوەی هیچ واستەیەکی تێدا نەبێت، کۆمپانیایەکی تایبەت هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکان دەکات و تەنیا ئەو کەسانە سوودمەند دەبن کە پڕۆژەکانیان شایستە و سەرکەوتووە.
وەزیر ئاماژەی بە سەرکەوتنی سیستمە نوێیەکە کرد و گوتی، ''لە قۆناغی یەکەمدا ٢٥ پڕۆژە قەرزیان پێدرا، ٢٤ پڕۆژەیان بەسەرکەوتوویی کار دەکەن. ئەمە ڕێژەیەکی زۆر بەرزە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو. ئێستاش هەر گەنجێک یان خاوەن پڕۆژەیەک بیەوێت سوودمەند بێت، دەتوانێت لە ڕێگەی وێبسایتی بەڕێوەبەرایەتیی قەرزی بچووک فۆرم پڕ بکاتەوە.
کوێستان محەمەد جەختی کردەوە، کە پڕۆسەکە بەردەوامە و لەناو هەر ١٠٠ پڕۆژەیەکدا، لێژنەی پسپۆڕ شایستەترینەکان هەڵدەبژێرێت، تاوەکو دڵنیابن لەوەی قەرزەکان دەبنە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار و بووژانەوەی ئابووری.
بڵند ئیبراهیم




