كورد و گۆڕانكارییەكانی توركیا
عەلی بایرامئوغڵۆ
لە گفتووگۆ و دانووستاندنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی سەبارەت بە قۆناخی ئاشتی و چارەسەر كردنی پرسی كورددا دوو بەرەی جیاجیا خۆیان دەخنە پێشەوە. بە كۆرتی یەكەمین بەرە، ئەوە بەرەیەیە كە لە بەرامبەر بەرەی رەگەزپەرەست و ستاتكۆجی توركیادا لە كوردە موحافێزەكارەكان و دیموكراتەكان پێكهاتووە. ئەم بەرەیە كە ئاماژەیەكە بە توركیا پێشوو و توركیای نوێ بەرەیەكی نوێ نییە. نزیكەی 10 تا 15 ساڵە كە گفتووگۆ و دانووستاندنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی توركیا لەم چوارچێوەیەدا درێژەیان پێدراوە. بەرەی سێڤی سوور كە دژایەتی یەكیەتی ئەورووپا و ئەندام بوونی توركیا لەو یەكیەتییە دەكات÷ هەر چۆنە كە گۆڕانكارییەكان و بە سیاسی كردنی توركیا وەكو سەرەتایەك بۆ كوودەتا كردن و گۆڕانی رژیمی توركیا لە قەڵەمی دەدا، هەر بە هەمان شێوە گۆڕانكارییەكانی ئەمرۆیش وەكو هەوڵدانێك بۆ پارچە كردنی توركیا لە قەڵەم دەدا، ئەم بەرەیە پێشتر وای دەزانی كە ئەگەر توركیا ببێتە ئەندامی یەكیەتی ئەورووپا ئەوا توركیا سەربەخۆیی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە ژێژچەپوكی یەكیەتی ئەورووپا، ئەمرۆیش وا دەزانێت كە دیموكراتیزە كردنی توركیا و ئامادە كردنی دەستوورێكی نوێ و مەدەنی بۆ توركیا دەبێتە هۆكاری پارچە كردن و دابەش كردنی توركیا، رێبازەكانی دژایەتی كردنی ئەم بەرەیە 15 ساڵ لەمەوبەر چۆن بوونە، ئەمرۆیش هەر هەمان رێباز بەكار دەهێنێت بەڵام تۆزێك جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام رێبازەكانی بۆ هاندانی خەڵك بۆ توندوتێژی و گەشە پێدان بە بیروڕای میلیتاریستی هەر هەمان رێبازە.
لە بەرامبەر ئەم بەرەیەدا بەرەیەكی دیكە هەیە كە پێكهاتەیەكە لە كورد و تورك، ئەم بەرەیە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2007دا بە رێژەی دەنگی لە سەدا 47 لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا خۆ و هێزی خۆی نیشانی هەر كەسدا.
دواتر هەمان بەرە لە رێفراندومەكەی ساڵی 2010دا بە رێژەی دەنگی لە سەدا 58 دووبارە هەبوونی خۆی نیشاندا.
كاتێك كە لە روانگەی ئەم بەرەیەوە سەیری قۆناخی ئاشتەوایی و چارەسەر كردنی پرسی كورد بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە زۆربەی هەرە زۆری رای گشتی توركیا پشتگیری لەم قۆناخە دەكات و توركیا لە بواری دیموكراتیزاسیون و گۆڕانكارییەكاندا لە سەر رێگایەكی راستدایە.
بەرەیەكی دیكە كە دەبێت باسی لێوە بكەین و پێكهاتەی نێوان گۆڕانخوازەكانی توركیا و كوردە، بەرەی ئاشتییە. بێگۆمان لە نێو ئەم بەرەیەدا هەر شت وەكو گۆڵ و گولستان نییە، چوونكە لە نێو توركە ئاشتیخوازەكان و لە نێو كوردە ئاشتیخوازەكانیشدا ناكۆكی هەیە، ئەم ناكۆكییانە ناكۆكی ناوخۆیی پێكهاتەكانی ئەم بەرەیەیە.
بۆ نموونە سەبارەت بە رۆژژمێری ئاشتی لایەنی كوردی لە نێوان خۆیدا ناكۆكی هەیە و لایەنی توركیش دەڵێت لایەنی كوردی هەنگاو نانێت و لە بەرامبەریشدا لایەنی كوردی هێشتاكە متمانەیەكی باشی بە لایەنی توركی و هەنگاوەكانی نییە. لە بارودۆخێكی بەمجۆرەدا هەر چەندە ئوجەلان هەوڵ بۆ لە یەكتر نزیك كردنەوەی پێكهاتەكانی ئەم بەرەیە بدات بەڵام ناكۆكییەكانیش هەر بەردەوام دەبن.
بێگۆمان ئەم ناكۆكییانە لە نێو بەرەی رەگەزپەرەستیشدا هەبوونی خۆیانیان نیشان دەدەن و ئەوانیش لە نێوان خۆیاندا سەبارەت بە ئاشتی و چۆنیەتی پێكهێنانی ئاشتەوایی و دیموكراتیزاسیونی توركیادا ناكۆكی زۆریان هەیە.
لێرەدا خاڵی سەرنجراكێش ئەوەیە كە ئەم جۆرە ناكۆكییانە كە تەنیا لە نێو چوارچێوەی بەرە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا خۆیان نیشان دەدەن لەو ئاستەدا نین كە بتوانن قۆناخەكە لاواز و بێ ئەنجام بكەن بە پێچەوانەوە دەتوانن خزمەتێكی باشی ئەم قۆناخە بكەن! چۆن؟
لەو رۆژەوە كە باسی ئاشتی و وشەی ئاشتەوایی دەكەین، بۆمان روون بووەتەوە كە ئاشتی و ئاشتەوایی نەتەنیا داواكاری سیستەمی سیاسی، بەڵكو داواكاری حەرەكەتی كوردی و رای گشتی توركیا بە گشتییە و بە مانای سەر لە نوێیەوە پێناسە كردنی تێگەیشتنی سیاسی توركیا و كوردە.
ئەگەر نە لە ژێر سەیبەری دارێكدا بەڵكۆ لە سەر چیایەكەوە كە هەر هەمووی دارستانەكەی لێ دیارە سەیری مەسەلەكە بكەین ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە حەرەكەتی سیاسی كوردی هەر لە ئێستاوە دەستی بە ئامادەكاری بۆ سازدانی گۆڕانكاری لە نێو خۆیدا كردووە و وردە وردە واز لە زمانی شەڕ و بێ متمانەیی هێناوە و بەرەو زمانێكی یەكگرتووی ئاشتییانەوە دەروات. بەرەی رەگەز پەرەستیش لە هەوڵی ساز كردنی پردێك لە نێوان زمانی ئاشتەوایی و جەماوەری خۆی لە نێو كۆمەڵگەدایە و دەیەوێ جەماوەری خۆی وردە وردە فێری زمانی ئاشتەوایی بكات.
لە كۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە ئەگەر ئەم جۆرە گۆڕانكارییانە لە لایەن پارتییەكەوە دەست پێكرابن، ئەوا بە خێرایی ناتوانێت هەر هەمووی پێكهاتەكانی كۆمەڵگە بگرێتە نێو خۆیەوە، بەڵام كاتێك كە گۆڕانكارییەكان و داواكاری سەرەكە لەم گۆڕانكارییانە ئاشتی و ئاشتەواییە و لە لایەن كۆمەڵگایەوە ئاراستە كراوە ئەوا نەتەنیا پارتە سیاسییەكان بەڵكۆ بەرە رەگەز پەرەستە بەرهەڵەستكارەكانیش بۆ ماوەیەكی درێژخایەن ناتوانن دژایەتی ئەم گۆڕانكارییانە بكەن و لە كۆتاییدا ئەوانیش دان بەم گۆڕانكارییانەدا دەنن.
سەرچاوە: یەنی شەفەق




