٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

​پڕۆژەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دەرکار قۆناغی باشی بڕیوە

سەرچاوە: KDP.info

​زاخۆ - KDP.info - لە شارەدێی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پڕۆژەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەڕێوەبەری شارەدێیەکەش دەڵێ، دوای تەواوبوونی نەخۆشخانەکە، خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات.

​جەوهەر محەمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی دەرکار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ناحیەی دەرکار، جگە لە هەبوونی سێ بنکەی تەندروستی، نەخۆشخانەی گشتی و فریاکەوتن نییە، لەبەر ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دەرکاری خستووەتە بواری جێبەجێکردن و تا ئێستا %٨٠ی پڕۆژەکە تەواو بووە؛ چاوەڕێ دەکەین لە کاتی خۆیدا تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەتی دانیشتووانی ناوچەکە."

 
​بەڕێوەبەری شارەدێی دەرکار گوتیشی: "دوای تەواوبوونی نەخۆشخانەی فریاکەوتن، ئامێر و ستافی پێویست لەلایەن تەندروستییەوە بۆی دابین دەکرێت و چیتر هاووڵاتییان بۆ حاڵەتی فریاکەوتن پێویستیان بە چوونە دەرەوە لە شارەدێی دەرکار نابێت."
​جەوهەر محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەکە کاریگەریی زۆری لەسەر کەرتی تەندروستیی ناوچەکە دەبێت، چونکە پێشتر بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی فریاکەوتن، دانیشتووانی دەرکار ڕوویان لە فریاکەوتنی زاخۆ دەکرد، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی تەندروستیی نەخۆشەکان هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی دەرکار دەبێتە خاوەن فریاکەوتن، خزمەتگوزاریی فریاکەوتن لێرەوە پێشکەش بە چارەخوازان دەکرێت."
​قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار