وەزارەت بۆ KDP.info: ڕێگەمان نەدا قەیران دروست بێت، نرخەکانیش ڕوو لە هەرزانبوونن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دۆخی بازاڕ بەتەواوی ئاسایی بووەتەوە و هەموو جۆرە کاڵایەک هاوردە دەکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە کۆگاکان پڕن لە خۆراک و نرخی کاڵاش ڕوو لە دابەزینە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''هەموو دەروازە سنوورییەکان و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەڕووی بازرگانیدا کراوەن. هێنانی هەموو جۆرە کاڵایەک بەردەوامە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، بەو هۆیەشەوە نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە دابەزین و هەرزانبوونە.
نەوزاد شێخ کامیل دڵنیایی دایە هاووڵاتیان و گوتی، ''کەلوپەلی پێویست لە بازاڕدا زۆرە و پێویست ناکات خەڵک هیچ کەلوپەلی زیادە بکڕێت، چونکە کۆگاکانمان پڕن لە خۆراک. تەنانەت لە کاتی سنووردارکردنی هاتووچۆشدا، ڕێگەمان نەدا قەیرانی خۆراک دروست بێت.
سەبارەت بە چاودێریی بازاڕ، بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوە کرد، ''تەنیا برنج و زەیت کەمێک نرخەکانیان بەرز ببووەوە، بەڵام ئێستا ئەوانیش ڕوو لە هەرزانبوونن. ئێمە بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەین و ڕێگە نادەین کەس گرانفرۆشی بکات یان بازاڕ قۆرغ بکات.
بڵند ئیبراهیم




