زیبا تەها بۆ KDP.info: بەشداریمان لە کۆنگرەی ICAPP بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت بوو

ئەستەنبوڵ-KDP.info- شاندی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەک نوێنەری پارتی بەشدارییان لە کۆنگرەی ساڵانەی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا (ICAPP) لە ئەستەنبوڵ کرد، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانیش دەڵێ، نوێنەرانی وڵاتان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان هەبوو.
زیبا تەها، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند، کە لەنێوان ٩ بۆ ١١ـی نیسانی ٢٠٢٦، بە یاوەریی شاناز محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەت، لە کۆنگرەی (ڕۆڵی سەرکردایەتی ئافرەتان لە سەردەمی گۆڕانکارییە جیهانییەکان) لە ئەستەنبوڵ بەشدار بوون.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە بارەی تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرەکەوە گوتی، ''تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرەکە بریتی بوون لە بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ئافرەتان لە سیاسەت و پارتەکاندا و گفتوگۆ لەسەر ئاشتی و کاریگەریی شەڕەکان لەسەر ژنان و هەروەها گۆڕینەوەی ئەزموون و بیرۆکە لەنێوان پارتە سیاسییەکانی ئاسیادا.
زیبا تەها ئاماژەی بەوە کرد کە وەک شاندی پارتی، بەشداریی تەواوی چالاکییەکانی کۆنگرەکەیان کردووە و لە گوتارێکیشدا تیشکی خستووەتە سەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پارتی لە بەدامەزراوەییکردنی پرسی ئافرەت، ڕاشیگەیاند کە دیدارێکی تایبەتیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا هەبووە، کە تێیدا سەرجەم لایەنەکان سڵاو و ڕێزی تایبەتیان بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی ناردووە و پێزانین و ستایشی زۆریان بۆ ڕۆڵی کاریگەر و ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا هەبووە.

پەیوەست بە گرنگترین بڕیارەکانی کۆنگرەی ICAPPیش زیبا تەها گوتی، ''هاندانی وڵاتان بۆ دانانی یاسا کە هاوسەنگی نێوان ئافرەت و پیاو دابین بکات و زیادکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی نێوان پارتەکان بۆ تواناسازیی سەرکردایەتی ئافرەتان و جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی مافە مرۆییەکان و ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتان جەختی کردەوە، کە ئەم کۆنگرەیە پلاتفۆرمێکی گرنگی نێودەوڵەتییە و پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵانە بە شێوەیەکی بەردەوام بەشداریی تێدا دەکات بۆ دووپاتکردنەوەی ئامادەیی ئافرەتانی کورد لە ناوەندە سیاسییە جیهانییەکاندا.

ئەژین غەفار




