٣٨ ساڵ بەسەر ئەنفالی گەرمیاندا تێدەپەڕێت، ڕۆژێک بۆ یادی ١٨٢ هەزار زیندەبەچاڵ

هەولێر-KDP.info- لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، رژێمی لەناوچووی بەعس هەموو ڕێگەکانی جینۆساید، پاکتاوی ڕەگەزی، ئەنفال و کیمیابارانی بەرانبەر بە گەلی کورد بەکارهێنا، کە تەنیا تاوانیان ناسنامە کوردییەکەیان بوو، یەکێک لەو تاوانە دڕندانە، قۆناغی سێیەمی شاڵاوی ئەنفال بوو بەرانبەر بە خەڵکی گەرمیان و چەمچەماڵ، کە ئەمڕۆ ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، رێک ٣٨ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت.
٣٨ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی خەڵکی بێتاوانی چەمچەماڵ و گەرمیاندا تێدەپەڕێت، ئەو کارەساتەی تێیدا دەیان هەزار ئافرەت، منداڵ و بەساڵاچوو لە بیابانە وشکەکانی باشووری عێراق زیندەبەچاڵ کران، لەگەڵ ئەو هەڵمەتە قێزەونەی ڕژێمی لەناوچووی عێراق، هەزاران گوند خاپوور کران و زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان کیمیاباران کران و خەڵکەکەی بە زۆرەملێ ڕاگوێزران.
پرۆسەی ئەنفال بە ٨ قۆناغی جیاواز ئەنجام درا، لە ساڵی ١٩٨٦ دەستی پێ کرد و تا ساڵی ١٩٨٩ بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٨٠ هەزار کوردی بێتاوان، بەبێ جیاوازی ڕەگەز و تەمەن، بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کران.
عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە "عەلی کیمیایی"، ئامۆزای سەدام حوسێن، سەرکردایەتیی ئەم هەڵمەتانەی دەکرد، لەکاتێکدا سوڵتان هاشم، وەزیری بەرگریی ئەو کاتەی عێراق، سەرکردەی ڕاستەوخۆی سەربازیی پرۆسەکە بوو. ئەم تاوانە لە ڕێگەی فەیلەقەکانی کەرکووک و هەولێر، گاردی کۆماری و جەیشی شەعبی و فەوجە سووکەکانەوە جێبەجێ کرا.
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٠٧دا، سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی بەسەر پێنج لە تاوانبارانی سەرەکیی ئەنفالدا سەپاند، کە دیارترینیان عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان هاشم بوون.
قۆناغەکانی ئەنفال
قۆناغی یەکەم: ٩ـی شوبات تا وەکوو ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بوو لە ناوچەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچکەی سوورداشی سەربە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی.
قۆناغی دووەم: ٢٢ـی شوبات تا وەکوو ١ی نیسانی ١٩٨٨ ناوچەکانی قەرەداغی گرتەوە.
قۆناغی سێیەم: ٧ـی نیسان تا وەکوو ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨ ناوچەکانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و سنووری شارەکانی"خوورماتوو، کەلار، کفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکەشی گرتەوە"، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی کە گرتییەوە و زۆریی قوربانی لە قۆناغەکانی تر جیاکراوەتەوە، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.
قۆناغی چوارەم: ٣ی ئایار تا وەکوو ٨ی ئایاری ١٩٨٨ درێژایی زێی بچووکی گرتەوە هەر لە ئاغجەلەر، گۆپتەپە، عەسکەر، ناوچەکانی شێخ بزێنی، کۆیە، خەلەکان و دوکان.
قۆناغەکانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم: ١٥ـی ئایاری تا وەکوو ٢٦ـی ئابی ١٩٨٨ ناوچەکانی بالیسان، شەقڵاوە، ھیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالانە، ڕواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، ھیزۆپ، چیای باواجی، بەشێک لە گوندەکانی کۆیە، دیبەگە و پردێ ی گرتەوە.
قۆناغی ھەشتەم: لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دھۆک، زاخۆ، شێخان، ئاکرێ، بارزان.
لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ڕۆژی ١٤ـی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال.




