٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی: بڕیاری ٦٨٨ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەھەندە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو بڕیارەی بۆ گەلی کوردستان خستەڕوو.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر، لەکاتێکدا ڕژێمی پێشووی عێراق بە دڕندەترین شێوە ھەوڵی پاکتاوکردنی سەرھەڵدانی گەلی کوردستانی دەدا، "کۆڕەوی ملیۆنی" بووە وەرچەرخانێکی گەورە و ویژدانی مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیھان ھەژاند. لەو کاتەدا چیاکان تەنیا دۆستمان بوون، بەڵام ھاواری مەزڵوومیەتی گەلەکەمان لە ڕێگەی میدیاکانەوە گەیشتە جیھان.

لە پەیامەکەیدا دەڵێت، کە ھەوڵەکانی فەڕەنسا بە سەرۆکایەتی فرانسوا میتران، و بەریتانیا بە سەرۆکوەزیرانی سێرجۆن مێجەر و ئەمەریکا، بوونە ھۆی دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨، کە لە ئەنجامدا ناوچەی نەوای ئارام و دژەفڕین بۆ پاراستنی گەلی کوردستان ڕاگەیەندرا. ئەم ھەنگاوەش بووە بنەمایەک بۆ دەستپێکی پڕۆسەی دیموکراسی، ئەنجامدانی یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و پێکھێنانی کابینەی یەکەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ئارامییەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ھەیە بە ئاسانی بەدەست نەھاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کوردستان ئێستا بووەتە نموونەی پێکەوەژیان و پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران، بەتایبەت لە سەردەمی ھێرشەکانی داعشدا کە پێشوازی لە نزیکەی ٢ ملیۆن ئاوارە کرد.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەفین دزەیی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ وڵاتانی ھاوپەیمان، دۆست و دراوسێ کە لە قۆناغە سەختەکاندا پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان بوون، داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە قۆناغی داھاتووشدا بەردەوام بن لە پاراستنی دەستکەوتەکان و پشتیوانیکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار