٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە بڕیاری مەسروور بارزانی پێنجەم کاروانی تووشبووانی تالاسیمیا ڕەوانەی دەرەوە کران

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی قۆناغێکی دیکەی پڕۆژە مرۆڤدۆستییەکەی بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی تالاسیمیا دەستپێکرد و کاروانی پێنجەمی نەخۆشانی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرد.

ئەمڕۆ شەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە کاروانی پێنجەم بریتییە لە ٢٨ ھاووڵاتی، کە پێکھاتوون لە نەخۆشانی تالاسیمیا، بەخشەرەکان و ھاوەڵەکانیان. ئەم کۆمەڵەیە دوای ئەنجامدانی تەواوی پشکنینە پزیشکییەکان و ڕێکارە زانستییەکان، ڕەوانەی چەند نەخۆشخانەیەکی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتی (JCI) کراون بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی "چاندنی مووخی ئێسک".

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی خەرجییەکانی ئەم گەشتە چارەسەرییەی لە ئەستۆ گرتووە، کە خەرجیی گەشت، مانەوە، پشکنین و نەشتەرگەرییەکان دەگرێتەوە. ئەمە لە چوارچێوەی بوودجەیەکی تایبەتدایە کە بڕەکەی نزیکەی ١١ ملیار دینارە و بۆ ناردنی ١٤٠ تووشبووی تالاسیمیا تەرخانکراوە، بێ گوێدانە ئەوەی نەخۆشەکە بەخشەری ھەیە یان لە دەرەوە بۆی دابین دەکرێت.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە پەیامێکدا وێڕای دەربڕینی سوپاس و دەستخۆشی بۆ سەرۆکی حکوومەت بەھۆی پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ کەرتی تەندروستی، ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا ٢٢٠ ھاووڵاتی بۆ ئەم جۆرە چارەسەرە ڕەوانەی دەرەوە کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕۆژانی داھاتوودا کاروانی شەشەمیش بەڕێ دەکرێن، ھاوکات مژدەی گەڕانەوەی ژمارەیەک لە تووشبووانی پێشووی دا کە دوای ١٠٠ ڕۆژ لە چارەسەری سەرکەوتوو، گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان.

ئەم ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە کارنامەی خزمەتگوزاریی ئیدارەی نۆیەمی حکوومەت تەماشا دەکرێت، کە ئامانجی سەرەکی تێیدا کەمکردنەوەی باری گرانی سەر شانی ھاووڵاتییان و دابینکردنی پێشکەوتووترین چارەسەری پزیشکییە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە لە ناوخۆدا ئامێر و تەکنۆلۆژیای پێویستیان بۆ بەردەست نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار