٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری: نزا دەکەین خوای گەورە ئاشتی بە نیشتمانمان ببەخشێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری مار ئاوای سێیەم ئیدانەی هێرشەکانی سەر هێزەكانی پێشمەرگە دەکات و داوای چەسپاندنی ئاشتی دەکات.

مار ئاوای سێیەم پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکییانەی کرد کە کرانە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری سۆران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە کە تێیاندا مووشەکی بالیستی بەکارھێنراوە، لە دوو ڕووداوی جیادا بارەگاکانی فیرقەی حەوتەمی پیادە (کەرتی 1) و فیرقەی پێنجەمی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە کراونەتە ئامانج، کە لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و نزیکەی 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.

مار ئاوای سێیەم، وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆی بۆ کەسوکاری شەهیدان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە و نزا دەکات کە گەلی کوردستان و عێراق لە ئارامیدا بژین.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری داوا دەکات کۆتایی بە هەموو جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خەڵکی بێتاوان و هاووڵاتییانی مەدەنی بهێنرێت و ڕێز لە ژیانی مرۆڤەکان بگیرێت، تاوەکو ئاشتی بەسەر توندوتیژی و دوژمنایەتیدا زاڵ بێت.

لە کۆتاییدا هاتووە، "نزا دەکەین خوای گەورە ئاشتی بە نیشتمانمان ببەخشێت و هەموو ڕۆڵەکانی وەک برا و هاوبەش یەکتر لە ئامێز بگرن و کۆتایی بە هەموو ناکۆکی و دوژمنایەتییەک بهێنرێت".

هەواڵی پەیوەندیدار