هەر کەسێک دۆخی ناوچەکە بۆ گرانفرۆشی بقۆزێتەوە ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە

هەولێر-KDP.info- نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕێکی یەکجار زۆر لە کاڵا و خۆراک لە کۆگاکانی هەرێمدا هەیە و لیژنەکانی چاودێریش بە وردی چاودێریی نرخ و کوالێتیی بازاڕ دەکەن.
نەوزاد شێخ کامیل لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ناجێگیریی نرخی دۆلارەوە رێنمایی دراوەتە هەموو فەرمانگەکانی چاودێریی بازرگانی کە لیژنەکانیان فراوانتر بکەن. گوتیشی: "بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین ئەو کاڵایانەی پێشتر هاورده کراون، نرخەکانیان بە پاساوی گۆڕانکاریی دۆلار بەرز بکرێنەوە."
سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرپێچیکاران، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکرای کرد: "لە مانگی ڕەمەزاندا زیاتر لە ٥ هەزار سەردانی مەیدانی بۆ مۆڵ و مارکێتەکان ئەنجام دراوە و بەهۆی سەرپێچیی جۆراوجۆرەوە، بە بڕی زیاتر لە ٦٧ ملیۆن دینار غەرامەی شوێنە بازرگانییەکان کراوە، هاوكات ٢٥٠ سەرپێچی تۆمار کراون و ٢٠ شوێنیش داخراون و بڕی ٢٠ تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەست بەسەردا گیراوە و لەناو براوە.
نەوزاد شێخ کامیل دڵنیایی دا کە هاوردەکردنی کاڵا لە لایەن بازرگانانەوە بە بەردەوامی هەیە و گوتی: "ئەوەندە کاڵا لە نێو کۆگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، مەترسیی ئەوەمان هەیە ماوەکەیان بەسەربچێت، چونکە بڕەکەی زۆر لە پێویستیی بازاڕ زیاترە."
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە هەر کەسێک مانگی ڕەمەزان یان دۆخی ناوچەکە بۆ گرانفرۆشی بقۆزێتەوە، ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە و دوای ڕەمەزانیش خواستی سەر کاڵاکان کەم دەبێتەوە و بازاڕ زیاتر جێگیر دەبێت.
قائید میرۆ




