زانایانی ئایینی له ڕێگهی KDPیهوه ئایین و خۆشەویستیی نیشتمان و نەتەوە ئاوێتە دهكهن

هەڵەبجە-KDP.info- مامۆستایانی ئایینیی کوردستان، لە مێژووی دوێنێ و واقیعی ئەمڕۆدا، هەمیشە وەک چرایەک بۆ گەشاندنەوەی بیری نەتەوەیی و پاراستنی پیرۆزییەکانی خاک ناسراون. ئەوان توانیویانە بە لێهاتووییەوە چەمکی ئیمان و نیشتمانپەروەری ئاوێتە بکەن، بە جۆرێک کە خزمەتکردن بە خاک ببێتە بەشێک لە پەرستش و ئەرکە ئایینییەکان.
مامۆستا جەمال محەمەد، گوتاربێژی مزگەوتی پاشا لە پارێزگای هەڵەبجە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدگایەکی قووڵدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسلام نەک تەنها دژی نیشتمانپەروەری نییە، بەڵکو جەخت لەسەر بوونی "شوێن و مەکان" دەکاتەوە بۆ مرۆڤ. بە بڕوای ئەو: "کەسێک نیشتمانی نەبێت، ناتوانێت ئەرکە ئایینییەکانیشی بە جوانی و شکۆمەندییەوە بەڕێوە ببات. نیشتمان ئەو چوارچێوەیەیە کە کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی بڕواکانی دەپارێزێت."
گوتاربێژی مزگەوتی پاشای هەڵەبجە، نموونەی پێغەمبەری ئیسلام دەهێنێتەوە و دەڵێت، "كاتێك پێغەمبەر (د.خ) سرووشی بۆ دادەبەزێت، ڕۆشتووە بۆ لای وەرەقەی كوڕی نەوفل و بەسەرهاتەكەی بۆ گێڕاوەتەوە. ئەویش پێی دەڵێت ئەوە سرووشت لە خواوە هاتووە، دڵنیابە گەلەكەت دژایەتیت دەكەن و لە خاك و نیشتمانی خۆت دەرت دەكەن، بە سەرسوڕمانەوە دەفەرموێت: بۆ لە نیشتمانی خۆم دەردەكەن؟ چونكە ئەوەندە بەلایەوە ناخۆش بووە لە خاكی خۆیدا هەڵبكەندرێت، كاتێكیش كۆچ دەكات بۆ شاری مەدینە، ڕوو لە مەككە دەكات و دەفەرموێت: وەڵڵا وڵاتێكی خۆشەویستی لای خوا و ئێمەش، ئەگەر گەلەكەم ئێمەی دەر نەكردایە بەجێم نەدەهێشتی.
تەنانەت مامۆستا جەمال دەڵێت، "كەسێك نیشتمانی نەبێت، دینەكەشی بە ئاسانی و جوانی بۆ بەڕێوە نابرێت. چەند گەنجێك لە ئەورووپا دەژین و پێیان گوتووم، لێمان دەپرسن ئێوە خەڵكی كام وڵاتن، ئەگەر بڵێن عێراقیین ئەوە پێمان دەڵێن عەرەبین، ئەگەر بڵێین خەڵكی كوردستانین، پێمان دەڵێن كام كوردستان دەوڵەتە یان نا؟ تووشی شەرمندەیی دەبیت كاتێك دەوڵەت و نیشتمانت نەبێت.
گوتاربێژەكەی هەڵەبجە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، "نیشتییمانپەروەری لە خێزانەوە دروست دەبێت، پێویستە باوكان و دایكان ئەو جۆرە خۆشەویستییە دروست بكەن، مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن تاكێك بەرهەم بهێنن ئینتییمای هەبێت بۆ نیشتمانەكەی، هەوڵ بدات بۆ باشتركردن و خۆشكردنی نیشتمانەكەی، دوور بكەوێتەوە لەو هۆكارانەی دەبنە هۆی تێكدانی ژینگەی نیشتیمان، وەك ماددەی هۆشبەر و گوێنەدان بە سەروەت و سامانی وڵات لە دارودرەخت و ئاژەڵی كێوی، دوور بكەونەوە لە بڕینەوەی دار و ڕاوكردنی ئاژەڵەكان، ئەمانە گرنگن بۆ ئەو نیشتمانەی خۆمانی تێدا دەژین و سوودی لێ دەبینین.
عەزیز ڕەسووڵ




