جوانڕۆیی بۆ KDP: زەوتکردنی پۆستی سوپاسالار پیلانگێڕییە و پێویستە ئەنجومەنێکی سیاسی دروست بکرێت

سلێمانی-KDP.info- ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، هۆشداری دەدات لە تێکدانی بنەماکانی هاوبەشی لە عێراق و ڕایدەگەیەنێت کە پەراوێزخستنی کورد لە پۆستە سەربازییە هەستیارەکان، سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ ئاییندەی سیاسی وڵات و دەڵێ، لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا یەکهەڵوێستی و دروستکردنی ئەنجومەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێویستییەکی نیشتمانیی حاشاهەڵنەگرە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان."
جوانڕۆیی ئاماژەی بەوە کرد کە کورد بەو ئومێدەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی کردووە کە بنەماکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) جێبەجێ بکرێن، بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی دەبینرێت، بەکارهێنانی لۆژیکی زۆرینە لە تێپەڕاندنی یاساکان، نیشانەی پەرەسەندنی عەقڵیەتی شۆڤێنی و تاکڕەوییە لە دەسەڵاتدا. ئەمە دامەزراوەکانی دەوڵەت لاواز دەکات و متمانەی پێکهاتەکان بە پرۆسەی سیاسی لەناو دەبات، کە دەرەنجامەکەی عێراق بەرەو داهاتوویەکی مەترسیدار دەبات."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی، ساناو جوانڕۆیی جەختی لەسەر ناوماڵی کورد کردەوە و ڕایگەیاند، "لە بەرامبەر ئەم هەوڵانە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لە هەموو کات زیاتر پێویستە. دروستکردنی ئەنجومەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان وەک چەترێکی کۆکەرەوە و خاوەن بڕیار لە بابەتە ستراتیژییەکاندا، پێویستییەکی نیشتمانیی حاشاهەڵنەگرە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان."
بەرهەم شێخ عزەدین




