٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامینە زکری لە کەرکووک و چەمچەماڵ: پاراستنی قەوارەی هەرێم و یەکڕیزی نیشتمانی ئەولەویەتی ئێمەیە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- ​لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوە مەیدانییەکان و وەک بەشێک لە ئەرکەکانی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون، خاتوو ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی لقەکانی (٣)ی کەرکووک و (١٩)ی چەمچەماڵی کرد و لە دوو کۆبوونەوەی فراواندا گوتارێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی پێشکەش بە کادیران و جەماوەری ناوچەکە کرد.

​خاتوو ئامینە زکری لە گوتارەکەیدا بۆ ئامادەبووان، بە وردی تیشکی خستە سەر پێشهاتە سیاسییەکان و ئەرکی قۆناغەکە و ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان، بەتایبەت پشتگیریکردنی کوردانی ڕۆژئاوا.

 ئامینە زکری باسی لە گرنگی سەردانە نێودەوڵەتییەکانی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆنفرانسی میونشن و مەسروور بارزانی بۆ دیداری داڤۆس کرد، کە لەژێر ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی، ئامانجیان بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی بووە بۆ پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پارتی داوای لە کادیران کرد کە بە گیانێکی نیشتمانییەوە بەرگری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و سیاسەتەکانی حکوومەت بکەن و ببنە پارێزەری ناسنامە و زمانی کوردی لە ناوچە تەعریبکراوەکاندا.

​لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ (دیاری حسین) یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان و بەرپرسی لقەکان بەڕێوەچوو، خاتوو ئامینە زکری لەگەڵ بەرپرسی لیژنە ناوچەکان کۆبووەوە. تێیدا ئامانجی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ ڕوون کردنەوە و جەختی لەسەر پەرەپێدانی کار و چالاکییە تەنزیمییەکان کردەوە و گوتی، "خۆشحاڵم لە نێو خەڵکە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکەی کەرکووکی دڵی کوردستان و چەمچەماڵی سەربەرزدام، کە هەمیشە قەڵای خۆڕاگری و قوربانیدان بوون لە پێناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا."

​لە کۆتایی دیدارەکەدا، ستایشی خۆڕاگری خەڵکی دەڤەرەکە کرا لە پاراستنی کلتوور و خاکی کوردستان و بەڵێنی بەردەوامی پشتگیری و خزمەتگوزاری زیاتر دووپاتکرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار