٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای سەردانی مەسروور بارزانی بۆ قاهیرە پەیوەندییەکانی هەرێم و میسر هەنگاوی کردەیی دەنێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی لێکەوتە ئەرێنییەکانی سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری میسر، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا هەنگاوی کردەیی دەنێن. لەو چوارچێوەیەدا، شاندێکی بازرگانی و ڕاوێژکارانی سیاسی لە کونسوڵخانەی گشتیی میسر، سەردانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانیان کرد.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەم سەردانەی شاندی وڵاتی میسر درێژکراوەی ئەو لێکتێگەیشتن و کۆبوونەوانەیە کە لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ قاهیرە هاتنە ئاراوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا میسرییەکان لە هەرێمی کوردستان."

لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە کەش و هەلومەرجی وەبەرهێنان و ئەو دەرفەتە زێڕینانە کرا کە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستان بەردەستن و هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و کارکردن بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان وەبەرهێنەرانی هەردوولادا و باس لەو ئاسانکارییە یاسایی و کارگێڕییانەش کرا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات بۆ هاندانی سەرمایەگوزاری.

ئەم جوڵە ئابوورییانە دوای ئەوە دێن کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە سەردانەکەیدا بۆ میسر، جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژوویی و ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و قاهیرە کردبووەوە، ئێستاش ئەو هەوڵانە لە شێوەی کاری مەیدانی و بازرگانیدا ڕەنگ دەدەنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار