وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: گەشبینییەکی زۆر هەیە و ٣ ملیۆن دۆنم زەوی چێندراوە

هەولێر-KDP.info- وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دابارینی بارانی پێویست و پاڵپشتییەکانی حکوومەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت وەرزی دروێنەی ئەمساڵ بەرهەمێکی زۆر و بە جۆرایەتییەکی بەرز بخاتە بازاڕەوە، هاوکات ئاماژە بە چاندنی سێ ملیۆن دۆنم زەوی دەکات بە دانەوێڵەی گەنم.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بۆ چاندنی گەنم تەرخان دەکرێت. بە وتەی ناوبراو، دابارینی بارانی پێشوەختە و گونجاو لەم وەرزەدا، هاندەرێکی سەرەکی بووە بۆ جووتیاران تاوەکو بە ئومێد و گەشبینییەوە ڕووبەرێکی فراوانتر لە زەوییەکانیان بە گەنم بچێنن.
لە چوارچێوەی پلانەکانی حکوومەت بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و هاوکاریکردنی جووتیاران، وەزارەتی کشتوکاڵ بڕی ١٠ هەزار تەن بنەتۆی پەسەندکراوی بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش کردووە، کە نرخەکەی بە ڕێژەی ٥٠٪ کەمترە لە نرخی بازاڕ. ئەم پرۆسەیە تایبەت بووە بە جووتیارانی نموونەیی و لە ڕێگەی ناوەندەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵییەوە ئەنجام دراوە.
وتەبێژەی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونی کردەوە، لە ئێستادا ٢٠ جۆری جیاوازی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەچێندرێن؛ ئەم جۆرانە بە تەواوی لەگەڵ کەشوهەوا و ژینگەی ناوچەکەدا گونجێندراون و لە ڕووی جۆرایەتییەوە توانای کێبڕکێی بەرهەمە جیهانییەکانیان هەیە.
سەبارەت بە جیاوازیی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، هیوا عەلی ئاماژەی بەوە دا کە وەرزی کشتوکاڵیی ڕابردوو بەهۆی کەمبارانییەوە بەرهەم لە ئاستی خوازراودا نەبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کەشوهەوا و دابەشکردنی بنەتۆی باش، کەرتی کشتوکاڵ بەرەو بوژانەوەیەکی بەرچاو هەنگاو دەنێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ وەک یەکێک لە پایە ستراتیژییەکانی کارنامەی خۆی دەناسێنێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەرهەمی دەرەکی. گەنم بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە ستراتیژییەکانی هەرێم دادەنرێت و ساڵانە بەشێکی زۆری پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.
بڵند ئیبراهیم




