عەدنان موفتی بۆ KDP: یەکگرتوویی کورد وای کرد پیلانی ناحەزان لەناو ببەین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "یەکگرتوویی کورد لەو ماوەیە بۆ پشتگیریی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی بتوانین پیلانی دوژمن و ناحەزانی کورد لەناو ببەین و سەرکەوتووبین و دەسکەوتەکانیشمان بپارێزین، بۆیە ئومێد دەکەم ئەو یەکڕیزیی و یەکگرتووییە بەردەوامبێت."
عەدنان موفتی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "لە ماوەی ڕابردوو بینیمان گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان چەند یەکگرتووبوون بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان، دڵخۆشم ئەمڕۆ دەبینم گەل بەیەک دەنگ ھاوار دەکات یەکگرتوو و یەکڕیزبین بۆ ئەوەی بتوانین پیلانی ناحەز و دوژمنانمان لەناو ببەین، بۆیە ئومێد دەکەم ئەمە ببێتە ھاندەر و ھەمووان لەئاست بەرپرسیارەتی بن."
عەدنان مفتی گوتیشی "پێویستە ھەمووان چاو لەو میللەتە بکەن چۆن بە منداڵ، لاو، پیر و کەمئەندامان ھاتوونەتە سەر جادە و بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان هاوار دەکەن، بۆیە ئومێدەوارین یەکڕیزیی بپارێزین و حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان بەزووترین کات پێکبێت، بۆ ئەوەی دۆخی خەڵک باشتر بێت و دەستکەوتەکانیش پارێزراوبن و ئایندەش رۆشنبێت."
بڵند ئیبراھیم




