مامۆستا سەڵاحەددین و چاودێرە ( زۆر ) ە كانیی
شیروان تالیب
هەر هیچ نەبێ، بنكەیەكی حیزیی هەیە كە پێی وایە مامۆستا سەڵاحەددین بەهائەددین سەركردەیە، یەكێك لەو خەسڵەتانەشی كە سەركردەی پێدەناسرێتەوە، بوونی تێڕوانینی زاتییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر ڕووداو و پەرەسەندێك كە لە شێوەی پرسیار یان لە گفتوگۆی سیاسی دا، ڕووبەرووی سەركردە دەكرێتەوە، كاتێك مامۆستا بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێك پەنا بۆ (زۆر لە چاودێران ) دەبات، خەسڵەتێكی بنەڕەتیی سەركردەیی بوون، لەدەست دەدات . پاشان بۆچی مامۆستا خۆیی لەو تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە بەدوور گرتووە و ( زۆر لە چاودێران ) ی تووش كردووە، ترساوە ؟ باشە بۆ دەترسێ، خۆ وەك باسدەكرێت لەوە واوەتری كردووە و ووتوە و ( تەبلیغ ) ێكیشی لە دادگاوە بۆ نەچووە !، ئەی لە ووتنی ( ڕاستیی ) ترساوە ؟ بۆی هەیە ئەمەیان وابێت، چونكە ئەگەر تێڕوانین و هەڵسەنگاندی ڕاست بڵێت، ئەوە دەبێت ئەو ساڵانەی سەرۆكایەتی هەرێم بەو جۆرە هەڵنەسەنگێنێ كە(چاودێرە زۆر ) ە كانیی بۆیان هەڵسەنگاندووە، جا ئەم دوو لێكدانەوەیە بۆ ( ترسان ) ی مامۆستا هەر یەك ئەنجامیان هەیە، ئەویش ( ترس ) ە، ئێ باشە سەركردە و ترس ؟! ئا لێرەدا مامۆستا خەسڵەتێكی بنەڕەتیی دیكەشی لەدەستدا كە بوێرییە، بوێریی تەنیا لە سەركردەی ڕاستەقینە دەبینرێت .
پەنا بردنە بەر ( زۆر لە چاودێران ) كە ئێستا بۆتە مۆدێلێك بۆ هەڵسەنگاندن، دوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، یان ئەوەتا ئەو كەس و لایەنەی كە پەنای بۆ دەبات، هیچ دید و تێڕوانینێكی زاتییانە و داتایەكی بۆ ( پرۆسەی هەڵسەنگاندن ) نیە و بۆ خۆلكردنە چاوی خەڵك و چەواشەكردنیان ( زۆر لە چاودێران ) بەكاردەهێنێ، یانیش مامەڵەكردنێكی لاستیكیانەیە و شتێك دەڵێت كە هەوە و هەویش نیە، ئەم مامەڵەكردنەش لە سیاسەتكردندا بە (فێڵ) دادەنرێت، ( فێل) یش لە فەرهەنگی سیاسەتكردندا هونەرە، بەڵام لە قاموسی (ئیسڵاحی كۆمەڵگادا) نازانم چیە !




