وەزیر باسی دانانی وێنەی دوو منداڵ لەسەر بەرگی دووپەرتووکی پرۆگرامی خوێندن دەکات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی دانانی وێنەی دوو منداڵ لەسەر بەرگی دوو پەرتووکی پرۆگرامی خوێندن دەکات، دەڵێت "ھەستی نەتەوەیی ئەو منداڵانە وای کرد بڕیار بدەین وێنەکانیان لەسەر بەرگی دوو پەرتووک دابنرێت، چونکە یەکێک خاوەن پێداویستی تایبەتە، ئەوەی دیکەش تەمەنێکی زۆر بچووکی ھەیە."
د.ئاڵان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ھەڵبژاردنی دوو منداڵ لە ھەرێمی کوردستان (مورید و ئادەم) بۆ ئەوەی وێنەیان لەسەر بەرگی دوو پەرتووکی پرۆگرامی خوێندن دابنرێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوون کاتی لەناو خۆپیشاندان بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرکەوتن، ئادەم لە ھەولێر بوو و خاوەن پێداویستی تایبەتە و بە ڕۆحێکی کوردانە دەڵێت "من خاوەن پێداویستی تایبەتم و پێویستە ھەمووان بەو جۆرە ھەڵوێستیان ھەبێت" بۆیە بڕیارماندا لەسەر بەرگی کتێبی کوردی پۆلی شەشەم وێنەی ئادەم چاپ بکرێت."
د.ئاڵان حەمە سەعید گوتیشی "موریدیش لە سلێمانی، منداڵێکە تەمەنی ٢ ساڵ وسێ مانگە، بۆ ناو خۆپیشاندان ملی ڕێگای گرتبوو، بە شکۆی بەرزەوە و بە ئاڵای کوردستانەوە کە لەسەر شانی بوو، چووە ناو خۆپیشاندان، ئەوە کاریگەری خێزانە لەسەر منداڵەکان، بۆیە وێنەی ئەویش دەچێتە سەر بەرگی پەرتووکی کوردیی پۆلی یەکی بنەڕەتی، بڕیارمان داوە وێنەی ھەردووکیان لەسەر بەرگی دوو پەرتووکی پرۆگرامی خوێندن بێت."
دەشڵێت "دانانی وێنەی ئەو دوو منداڵە لەسەر بەرگی دوو پەرتووکی خوێندن، ساڵی داھاتووی خوێندن چاپ دەکرێن، چونکە ئەم بابەتە مانایەکی قوڵی ھەیە لەسەر پەروەردەکردنی نیشتمانییانەی نەوە دوای نەوە."
بڵند ئیبراھیم




