٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە هەولێر بە مەڕاسیمێکی فراوان یادی ٣٩ ساڵەی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی بەرز ڕاگیرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە یادی ٣٩ ساڵەی کۆچی دوایی سەرکردەی نەمر، کاک ئیدریس بارزانی، لقی ٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆڕێکی تایبەتی بۆ فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ڕێکخست. لە کۆڕەکەدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی، حکوومی، فەرماندە سەربازییەکان و پێشمەرگە دێرینەکان، تیشک خرایە سەر وێستگە درەوشاوەکانی ژیان و خەباتی ئەو سەرکردە مەزنە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٣١ـ١ـ٢٠٢٦، بەئامادەبوونی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی و د.پشتیوان سادق بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و د.زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی و تێکۆشەران و ھەڤاڵانی دەستەی کارگێڕی لق و سەرۆک و مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆ و ھەڤاڵان، لقی دوو مەڕاسیمێکی شایستەی بۆ یادی سەرکردە ئیدریس بارزانی سازکرد.

فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بەوردی ھەڵوەستەی لەسەر قۆناغەکانی ژیان و تێکۆشان و کاریگەری سەرکردە ئیدریس بارزانی کرد و گوتی، "کاک ئیدریس لە قۆناغەکانی خەباتی نەتەوەییماندا سەرکردەیەکی کاریگەر و مەزن و خاوەن مێژوویەکی پڕ دەستکەوتوو سەروەری بوو، هەروەها خەمخۆر و پەنای پێشمەرگە و ھەژاران بوو و لە خزمەتکردن ھەرگیز ماندوو نەدەبوو ھاوشانی سەرۆک بارزانی لەدوای نسکۆی گەلەکەمان نەخشە ڕێگەی ھەستانەوە و بەردەوامبوونی داڕشتن و جێبەجێیان کرد، لەکاتی دروستبوونی کێشەیەک ھەمووان پەنایان بۆدەبرد تا بەحیکمەتی خۆی چارەسەر بدۆزێتەوە، کۆکەرەوەی ھەمووان بوو و پشوو درێژ و لێزان بوو و ھەموو لایەنەکان بەلایەنە عێراقی و ناوچەییەکانیشەوە گوێیان لێدەگرت و بۆچوونەکانیان جێبەجێ دەکرد.

لە بەشێکیتری قسەکانیدا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی، گرنگە لە ئێستادا لەسەر ھەمان نەھج و ڕێباز بەردەوامبین بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانمان و ئەو کاروانی خەباتە بگەیەنینە مەنزڵگەی ئەو مەزنانە لەپێناویدا خۆیان بەخت کرد.

ھەر لە ڕێورەسمەکەدا ڕێز لەو ئەکادیمستانە گیرا کە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمییان دەربارەی ژیان و خەباتی سەرکردە ئیدریس بارزانی ئەنجامداوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار