پارێزگاری هەولێر دەرەنجامی کەمپینی هاوکاریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کۆتایی کەمپینی ١٠ ڕۆژەی شاری هەولێری بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە کەمپینەکە لەژێر سەرپەرشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (سەر بە پارێزگای هەولێر) و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا بڕی یەک ملیار و ٦٩٥ ملیۆن و ٨٧٤ هەزار دینار کۆ کراوەتەوە.
هەروەها سەبارەت بە هاوکارییە ماددییەکان، ئاشکرای کرد کە ٥٠٤ تۆن کەلوپەل و پێداویستی کۆ کراونەتەوە کە وردەکارییەکەی بەم شێوەیەیە:
خۆراکی وشکە: ٣٢٥ تۆن.
پێداویستیی ناوماڵ (بەتانی، دۆشەک، بالیف): ١٤٧ تۆن.
دەرمان و کەرەستەی تەندروستی: ٣٢ تۆن.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند کە کۆی گشتیی هاوکارییەکان بە ١٢٦ بارهەڵگر بار کراون و لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کراون.




