٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هەرێمی کوردستان، بەهۆی بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە، بە بایەخەوە دەڕوانێتە بڕیاری درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا و بەشدارییە کاراکانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بەرز دەنرخێنێت.

ئەمڕۆ هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پێشوازی لە بڕیاری حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا کرد، کە تایبەت بوو بە درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "گرووپی تیرۆریستیی داعش، هێشتا مەترسییەکی جیددییە لەسەر عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە."

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە بەشدارییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا زۆر بەرز دەنرخێنین."

ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانان بەردەوامە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی پاشماوەکانی داعش.

هەواڵی پەیوەندیدار