لە ئامێدی ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی بەرز ڕاگیرا

ئامێدی-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، لقی ١٨ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەزای ئامێدی، بە سازکردنی سیمینارێک و کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەیی، یادی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەندازیاری ئاشتی و تەبایی، شەھید ئیدریس بارزانی بەرز ڕاگرت.
ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی بەھرام عریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٨، وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی، کارگێڕانی لق و بەرپرسانی ناوچەکان، لەگەڵ جەماوەرێکی زۆر لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان، پلەدارانی سەربازی، پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، و نوێنەرانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان بەڕێوەچوو.
لە سیمینارەکەدا، بەھرام عریف یاسین تیشکی خستە سەر وێستگە جیاوازەکانی ژیانی شەھید ئیدریس بارزانی و ڕایگەیاند: "کۆچی دوایی سەرکردەی جوانەمەرگ ئیدریس بارزانی لەو سەردەمەدا، کارەساتێکی گەورە بوو بۆ پارتی و تێکڕای گەلی کوردستان و بەتایبەتی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی."

بەرپرسی لقی ١٨ ئاماژەی بەوەش کرد کە شەھید ئیدریس بارزانی، سەرەڕای تەمەنە کورتەکەی، توانی کاریگەرییەکی قووڵ لە مێژووی خەباتی کوردستاندا بەجێبھێڵێت، بەتایبەت لە چەسپاندنی ئاشتیی ناوخۆیی و دامەزراندنی بەرەی کوردستانی. هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەو ھەڵگری ھەموو خەسڵەتە بەرزەکانی بارزانیی نەمر بوو.
لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا، باس لە دواین پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان کرا. ستایشی ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و ھەردوو جێگرانی کرا بۆ دەربازکردنی گەلی کورد بە کەمترین زیان لەم قۆناغەدا. ھەروەھا دەستخۆشی لە خەڵکی دەڤەری ئامێدی کرا بۆ ھەڵوێستە نیشتمانییەکانیان و بەشداریی کارایان لە کەمپینەکانی ھاوکاریکردندا.
شایەنی باسە، ئەم ڕێوڕەسمە لەلایەن بەشی پێگەیاندن و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی ١٨ـی پارتی ڕێکخرابوو، کە تێیدا لە ڕێگەی پێشانگایەکی وێنەییەوە، قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی شەھید ئیدریس بارزانی نمایش کران.





