بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای سۆران، مەلامستەفا بارزانی سەردانی پارێزگای ھەولێری کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩-١-٢٠٢٦، بەڕێز مەلامستەفا بارزانی، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی خزمەتگوزارییەکان، سەردانی دیوانی پارێزگای ھەولێری کرد و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکی فراواندا کە ھەریەکە لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ھەرێم و بەڕێوەبەرانی کارەبای ھەولێر و سۆران ئامادەی بوون، گفتوگۆی ورد دەربارەی ڕەوشی کارەبای سنووری ئیدارەی سۆران کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دەستنیشانکردنی کێشە تەکنیکییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە ھاووڵاتیانی ناوچەکە کرایەوە.
ئەم ھەنگاوە لە چوارچێوەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دێت، کە تێیدا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بە گرتنەبەری ڕێکاری خێرا و پێویست بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەی کەمی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزاکانی دەوروبەری.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ ھەماھەنگی زیاتر و خێراکردنی کارە تەکنیکییەکان، بە ئامانجی دابینکردنی وزەی پێویست و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی دانیشتووانی دەڤەرەکە.





