پارێزگاری دھۆک بڕی کۆکراوەی ھاوکاریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاند

دھۆک -KDP.info- پارێزگاری دھۆک گوتی "لە ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ٦٠٠ملیۆن دینار و ١٠٠ بارھەڵگری کەلوپەلی جۆراوجۆر کۆکراونەتەوە، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت، لەڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەپێی بەرنامەیەکی تایبەت ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت."
د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "جگە لە سەرۆک بارزانی کە پێش ھەمووان ھاوکاریی گەیاندە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، ئێمە وەکو دھۆک یەکەم پارێزگا بووین ھاوکاریمان پێشکەشی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، خۆزگە ئەو پرسانە باس نەکرابووایە، ئێمە پێویستمان بەوەیە یەک دەست بین، بابەتی حزبی وەسیلەیە و ئێمە ھەموومان کوردین و مەترسی لەسەر کورد ھەیە، کەس ناڵێت ئێوە چ حزب، ئاین، نەتەوە و چ ناوچەیەکن؟ کاتی ئەنفالیشمان بەسەرھات باسی ئەوە نەکرا ئێمە موسلمانین یان چ ئاین و پێکھاتەیەکین، ھەمووان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن و کەس ڕزگار نەبوو، ئێستاش وایە، بۆیە یەکدەنگی ھەیە و تکا لە ھەموولایەنێکی سیاسی دەکەین، گەر گلەیەک ھەبێت لەسەر چاوی دادەنێین، بەڵام با خێری ئێمە بەتاڵ نەکەن."
د.عەلی تەتەر گوتیشی "سوپاسی ھەموو خەڵکی دھۆک دەکەین لە دھۆک و لە دەرەوە ھاوکارییان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆکردەوە، دەستخۆشی لە ھەموو خۆبەخشانیش دەکەین لە لیژنەی باڵا تاوەکو لیژنە لاوەکییەکان، تامامۆستایانی ئاینی، لایەنەکان، پێکھاتەکانیش و نەتەوەکانی لە ھەرێمی کوردستان دەژین، بازرگان و سەرمایەداران کە بەشدارییان لە ھاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.
کەمپینەکانی ھاوکاری ڕاگیراون، بەڵام ھاوکارییەکان بەردەوام دەبن، وەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەرگرتن و کۆکردنەوەی ھاوکاری، دەزگای خێرخوازی بارزانی تاکە دەزگای فەرمییە ھاوکاری لە ڕۆژئاوای کوردستان دابەش دەکات، ژمارە بانکییەکانیش ڕاگەیندرابوو خەڵکێکی زۆر بەشداربووە، بۆیە پرۆسەکە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت."
دەشڵێت "ئەو ھاوکارییانەی کۆکراونەتەوە، ئامادە دەکرێن و ڕەوانە دەکرێن، کە ھاوکاریی ماددی ٦٠٠ملیۆن دینارە و دەدرێتە دەزگای خێرخوازی بارزانی، نزیکەی ١٠٠ بارھەڵگری جۆراوجۆریش کەلوپەل کۆکراوەتەوە، ھەمووشی نوێیە، ڕادەستی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکرێت و بەپێی بەرنامەی خۆیان ڕەوانەی دەکەن."
بڵند ئیبراھیم




