39مین ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی هەمیشە زیندوو بەرز ڕاگیرا

هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/١/٢٩، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پارێزگاری هەولێر، بەرپرسی لقی ٢، فەرماندە سەربازییەکان، پێشمەرگە دێرینەکان و جەماوەرێکی بەرچاو، یادی ٣٩ ساڵەی کۆچی دوایی "کاک ئیدریس بارزانی" بەرز ڕاگیرا.
یادکردنەوە و مەراسیمەکە لەلایەن دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی ڕێکخرابوو، تێیدا بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر تیشک خرایە سەر ژیان و خەباتی ئەو سەرکردە گەورەیەی کورد کە وەک "ئەندازیاری ئاشتی و یەکڕیزی" لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا دەناسرێت.
کاک ئیدریس بارزانی، یەکێک بوو لە کاریگەرترین سەرکردە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم، کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە یەکخستنی نێوماڵی کورد و داڕشتنی بناغەی سیاسیی هەرێمی کوردستان. مخابن لە ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٧، لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێ لە ئاوارەییدا کۆچی دوایی کرد.
دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، بە بڕیاری سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٣دا تەرمی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا گەڕێندرانەوە گوندی بارزان و لەوێ لە باوەشی خاکی نیشتماندا به خاك سپێردران.




