پارێزگار بۆ KDP: بەهۆی پێشوازییەکی فراوانەوە کەمپینی هاوکاریی ڕۆژئاوا درێژکرایەوە

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر دەڵێ، بەھۆی ئەوەی ھاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی فراوان بەردەوامە، کاتەکەی تاوەکو ڕۆژی شەممەی داھاتوو درێژ کراوەتەوە، کە تاوەکو ئێستا ٣٠٠ ملیۆن دینار و ٦٥ بارھەڵگری پڕ لە خۆراک و کەلوپەل ئامادە کراون.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر خەڵک بە شێوەیەکی فراوان بەشداری لە کەمپینی کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەمەش وای کردووە ماوەکەی تاوەکو ڕۆژی شەممەی داھاتوو درێژ بکرێتەوە، چونکە تاوەکو ئێستا لە پارێزگای ھەولێر بە دەیان بارھەڵگر لە خۆراک و کەلوپەلی جۆراوجۆر کۆکراونەتەوە و ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێن."
ئومێد خۆشناو ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو، ھەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و ڕۆژانەش لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو، خەڵکی خۆشەویستی ھەولێر دەتوانن ھاوکارییەکان پێشکەشی کەمپینی ھاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بکەن لە بەردەم پارکی شانەدەر، چونکە لەوێ ئێمە وەکو پارێزگا تیممان ھەیە و دەزگای خێرخوازیی بارزانیش ئامادەن بۆ وەرگرتنی ھاوکارییەکان، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین ھاوکاری بۆ خەڵکی خۆشەویستی ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەینەوە، کە لەم بارودۆخەی ئێستادا پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە.
پارێزگاری ھەولێر دەشڵێت: "لە پارێزگای ھەولێر لە کەمپینی ھاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ٦٥ بارھەڵگری خۆراک و کەلوپەلی دیکە و ٣٠٠ ملیۆن دیناری کاش کۆکراوەتەوە و ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت. ئەمە تەنیا لە کەمپینی ئێمەیە، جگە لە ھاوکاریی ڕاستەوخۆی دەستەی وەبەرھێنان و بازرگان و خواپێداوانی ھەولێر کە ھاوکارییان پێشکەش بە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە."
بڵند ئیبراھیم




