ڕاوێژکارێکی سوودانی بۆ KDP: هۆکارەکانی ناجێگیریی دۆلار و ڕێگەکانی چارەسەر ئاشکرا دەکات

بەغدا-KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەم زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار و کەمیی دۆلار لە بازاڕدا، دووەمیش ھاوردەکردنی زۆریی کاڵا و کەمیی بەرھەمی ناوخۆ، کە ئەمانە دوو ھۆکاری سەرەکین وایان کردووە نرخی دۆلار لە عێراق جێگیر نەبێت.
دکتۆر مەزھەر محەمەد، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ناجێگریی نرخی دۆلار لە عێراق، ھۆکارەکەی بۆ خواستی زۆر لەسەر دۆلار دەگەڕێتەوە و گرفتی گەورەش لە چۆنیەتیی ئیدارەکردنە لەگەڵ دۆلار، چونکە دەبینین جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی دۆلار لە بازاڕ ھەیە، کە بەشێکی پەیوەندی بە بازاڕی ڕەش و مامەڵەکردن بە دۆلار لە دەرەوەی سیستمی بانکییەوە ھەیە.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە، بۆ ئەوەی بتواندرێت نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی جێگیر بێت، پێویستە بزانرێت خواست لەسەر دۆلار چەندە، بەتایبەت لەلایەن بازرگانانەوە بۆ ئەوەی بەپێی ئەو پێویستییە کاڵا ھاوردە بکرێت و دۆلاریان پێ بدرێت، بۆیە پێویستە ھەماھەنگیی تەواو لە نێوان دەسەڵاتداری بانکی و بازرگانان ھەبێت بۆ پێدانی دۆلار بۆ ئەوەی ھەر جارێک خواست لەسەر دۆلار زۆر بوو، نرخەکەی بەرز نەبێتەوە وەکو ئەوەی ئێستا ھەیە ناوە ناوە نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە و دواتر دادەبەزێتەوە.
بە گوتەی دکتۆر مەزھەر، یەکێکی دیکە لە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئێمە لە عێراق زیاتر پشت بە ھاوردە دەبەستین لەجیاتی بەرھەمی ناوخۆ، بۆیە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەو کێشەیە ئەوەیە، بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکرێت و بەرھەمی ھاوردە کەم بکرێتەوە، بۆیە پێویستە تاوەکو ئەمەش چارەسەر دەکرێت بانکی ناوەندی بەپێی خواست دۆلار بخاتە بازاڕەوە، بۆ ئەوەی نرخی گران نەبێت، بۆیە ئەگەر ئەمە نەکرێت، نرخی دۆلار ھەر بە ناجێگیری دەمێنێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




