بەرپرسی لقی یەک بۆ KDP: خەڵکی دهۆک هەمیشە لە کارە مرۆییەکاندا پێشەنگ و دەستپێشخەرن

دهۆک-KDP.info- بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک ڕایدەگەیەنێت، کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خوشک و برایانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و جەخت دەکاتەوە کە خەڵکی دەڤەری بەهدینان هەمیشە لە کارە مرۆییەکاندا پێشەنگن.
د. نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە سنووری پارێزگای دهۆک و لە ڕێگەی ئۆرگانەکانی لقی یەکەوە، کەمپینێکی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت. کادیران و ئەندامانی ئێمە بەشێوەیەکی کارا تێیدا بەشدارن و هەماهەنگی تەواو دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین هاوکاری کۆبکرێتەوە."
بەرپرسی لقی یەک ئاماژەی بە قەبارەی هاوکارییەکان کرد و گوتی: "ئەمە پیاهەڵدان نییە، بەڵکو ڕاستییەکە کە خەڵکی دهۆک هەمیشە لە کاری خێرخوازی و مرۆڤایەتیدا دەستپێشخەرن. قۆناغی یەکەمی کەمپینەکە چەند ڕۆژێکی بۆ دیاریکراوە، بەڵام پرۆسەی ناردنی کۆمەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. نەوزاد عەبدوڵڵا جەختی لەسەر چاودێریکردنی ڕەوشەکە کردەوە و گوتی: "ئێمە بەردەوام چاودێری پێویستییەکانی خەڵکی ڕۆژئاوا دەکەین. ئەگەر پێویست بکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغی دیکەی کۆکردنەوەی هاوکاری ڕادەگەیەنین. قەبارەی ئەو هاوکارییانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە جێگەی دڵخۆشییە و خەڵکی دهۆک بە هەموو شێوەیەک هاوکار بوون."
قائید میرۆ




