فەرهاد ئەترووشی بۆ KDP: کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

بەغدا-KDP.info- بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان و لەسەر داوای فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکە لەسەر داواکاریی فەرمیی هەردوو لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە وادەی داهاتووی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دواتر بڕیاری لەسەر دەدات.
سەبارەت بە لایەنە یاساییەکەی دانیشتنەکە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕوونی کردەوە کە بەگوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێویستە ٢٢٠ پەرلەمانتار لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن، بەڵام لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ئەو ژمارەیە ئامادە نەبوون و ڕێژەی یاسایی تەواو نەبوو.
بڵند ئیبراهیم




