ئامینە زکری سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی كرد

کەرکووک-KDP.info- لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی ئۆرگانە حزبییەکاندا، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون، لە کەرکووک سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد و تێیدا تیشک خرایە سەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵە سیاسی و مرۆییەکان بۆ پشتیوانیکردنی ئەو بەشەی کوردستان.
لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیان، بە ئامادەبوونی دیاری حوسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە بەرپرسی بۆردەکان و هەڤاڵانی مەکتەبی ڕێکخستن، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان بە وردی تاوتوێ کران.
لە گوتەیەکدا، ئامینە زکری ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی و دیپلۆماسیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و ڕایگەیاند: "سەرۆک بارزانی بەردەوام لەسەر هێڵی هەوڵە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانە بۆ ئەوەی مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کورد لە سووریای داهاتوودا جێگیر بکرێن. ئەمە بەشێکە لە دیدگا و ستراتیژییەتی نەتەوەیی پارتی بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی کارە مرۆییەکان، کە تێیدا جەخت لە گرنگیی ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرایەوە. ئامینە زکری دەستخۆشی لە هەڵمەتە بەردەوامەکانی دەزگاکە کرد بۆ گەیاندنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، کە وەک ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی توانیویەتی بەشێکی زۆر لە نەهامەتییەکانی لێقەوماوان کەم بکاتەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر هەماهەنگی و ئامادەیی تەواوی ئۆرگانەکانی پارتی کرایەوە بۆ هەر ئەرک و ڕاسپاردەیەک کە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بکات.







