کابینەی نۆیەم هەنگاوی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاو ناوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیدگایەکی گشتگیردا، چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوی لە پایتەخت جێبەجێ کردووە، کە ئامانج لێیان پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و سوودوەرگرتنە لە سەرچاوە ئاوییەکانی زێی گەورە و بچووک.
ڕابەر حسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "کابینەی نۆیەم بە بایەخێکی زۆرەوە کار لەسەر کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ دەکات. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەولێر لە نێوان هەردوو زێی گەورە و بچووک، پلانەکان بەو ئاڕاستەیەن کە زۆرترین پشتبەستن بە ئاوی سەر زەوی هەبێت بۆ ئەوەی سامانی ئاوی ژێرزەوی وەک یەدەگێکی ستراتیژی بپارێزرێت."
گرنگترین پڕۆژە جێبەجێکراوەکان:
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە (لەسەر زێی بچووک): ئەم پڕۆژەیە توانای بەرهەمهێنانی ٣ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاکی هەیە لە کاتژمێرێکدا. جگە لە دابینکردنی ئاو بۆ دەڤەری قوشتەپە، ڕۆڵێکی گرنگی لە بووژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی ناوچەکە بینیوە.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر (لەسەر زێی گەورە): پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە کە توانای ناردنی ٢٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا (نزیکەی ٤٨٠ هەزار مەتر سێجا لە شەو و ڕۆژێکدا)، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر نەهێشتنی کەمئاوی لە گەڕەکەکانی پایتەختدا هەبووە.
فراوانکردنی ژێرخانی تۆڕەکانی ئاو:
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆڕەکان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا:
٤١١ کیلۆمەتر بۆری بە تیرەی جیاواز لەلایەن "هێمن گرووپ"ـەوە دابین کراوە.
کۆمپانیای "کەیوان" بە گوژمەی نزیکەی ٢٥ ملیار دینار سەرقاڵی جێبەجێکردن و بەستنەوەی ئەم بۆرییانەیە بە تۆڕی سەرەکیی شاری هەولێرەوە.
جێگەی ئاماژەیە، پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژانەوە هەنگاوی کردەیی بۆ نراوە.
ئەژین غەفار




