٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماری هاوکارییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، دوایین ئامار و وردەکاریی چالاکییە مرۆییەکانی دەزگاکەی بۆ خوشک و برایان لە ڕۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، هاوکارییەکانیان بە شێوەیەکی فراوان و هەمەلایەنە بووە و سێکتەرە جیاوازەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، بژێوی و خۆراکی گرتووەتەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتیانی ناوچەکە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی ئەم خزمەتگوزارییانەی خوارەوە جێبەجێ بکات:

دابینکردن و گەیاندنی سووتەمەنی بۆ 108 قوتابخانە، بە مەبەستی بەردەوامبوونی پڕۆسەی خوێندن لە بارودۆخێکی گونجاودا. هەروەها لە 82 قوتابخانە هاوکاری دابەشکراوە.

ڕەخساندنی هەلی کار بۆ 289 کەس، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی بژێوی خێزانەکانیان هەبووە.

دابەشکردنی نۆ هەزار و 330 بەشەخۆراکی گەرم بەسەر هاووڵاتیانی ناوچەکەدا.

پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چارەسەری پزیشکی بۆ دوو هەزار و 749 کەس کە پێویستیان بە چاودێری تەندروستیی هەبووە.

موسا ئەحمەد لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا جەختی لەوە کردەوە، کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر بنەمای پەیامی مرۆیی و نەتەوەیی خۆی، بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکەکان بۆ تەواوی ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار