پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی له سۆران دەستپێدەکات

سۆران -KDP. info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی سۆران ده‌ڵێ "له سنووری شاره‌وانییه‌كانی سۆران 27 هه‌زار كه‌س ڕه‌زامه‌ندی وه‌رگرتنی زه‌ویان هه‌یه، پرۆسه‌كه ده‌ستپێده‌كات."
خه‌سرۆ ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌واییه‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان 22 شاره‌وانی هه‌یه، هه‌موو قه‌زا و ناحیه‌كانی سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران له‌خۆ ده‌گرێت، له‌گه‌ڵ بڕیاری دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سەر فه‌رمانبه‌راندا ئێمه‌ش ده‌ستمانكرد به دروستكردنی نه‌خشه‌ی كه‌رتی بۆ زه‌ویه‌كان، به‌ڵام به‌هۆی سروشتی ناوچه‌كه زه‌وی تەختی كه‌مه، ته‌نیا له سنووری قه‌زاكانی چۆمان، ڕواندز، خه‌لیفان و سیده‌كان توانرا زه‌وی ئاماده بكرێت."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی سۆران ده‌شڵێت "تا ئێستا 27 هه‌زار كه‌س ڕه‌زامه‌ندی وه‌رگرتنی زه‌وی هه‌یه، چوار هه‌زار و 500 پارچه زه‌ویش ئاماده‌یه، ده‌مانویست هه‌موویان پێكه‌وه سوودمه‌ندبن، به‌ڵام تا زه‌وی دیكه ئاماده ده‌كرێت پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌ڕێوه ده‌چێت."
له‌باره‌ی ئه‌و شاره‌وانییانه‌ی زه‌ویان نیه، خه‌سرۆ ئیسماعیل گوتی "فه‌رمانبه‌ران دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وانه‌ی ڕه‌زامه‌ندییان هه‌یه سوودمه‌ند ده‌بن له وه‌رگرتنی پارچه زه‌وی و مافی كه‌س نافه‌وتێت، ئێمه به دوو ئاراسته كارده‌كه‌ین، یان سنووری شاره‌وانییه‌كان زیاد بكرێت، یانیش ئه‌و شوێنانه‌ی زه‌ویان نیه فه‌رمانبه‌رەکانی دەگوازرێنه‌وه بۆ شاره‌وانییه‌كی نزیك ئه‌و سنووره‌کەی."
قائید میرۆ




