کریستیانەکان بۆ KDP: سەرۆک بارزانی وەک چەتر پەناگە بووە بۆ کریستیانەکان

سۆران-KDP. info- پەیوەست بە چاوپێکەوتنەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و گفتۆگۆیان لەسەر پرسی ئاشتی و پێکەوەژیان، هاووڵاتییانی کریستیانی سۆران ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەکەن لە پاراستنی جیاوازییە ئایینی و نەتەوەییەکان، هاووڵاتیێکی کریسیتیانی دەڵێت "سەرۆک بارزانی وەک چەترێک بووە پەناگه بۆ کریستییانەکان."
لە بارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پرسی ئاشتی و سەردانەکانی و دیداری لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، دکتۆر داریوش وەلیم، هاووڵاتیێکی کریستیانی دەڤەری سۆرانە و مامۆستایە لە زانکۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت "سەرۆک بارزانی بە پیاوێکی ئاشتیخواز بەناوبانگە، بۆیە ئەمساڵیش بۆ چەندەمیین جار، لەلایەن پاپای ڤاتیکانەوە میوانداری کرا بۆ گفتۆگۆ لەسەر پرسی ئاشتی و پێکەوەژیان.
ئەوەی جێگەی شانازی بوو بۆ ئێمەی کریستیانەکان، ئەوە بوو یاوەری سەرۆک بارزانی کەسایەتیێکی کریستیان (ئانۆ جەوهەر) بوو، لەکاتێکدا سەرۆک خۆی موسڵمانە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەلالەت لە بەهێزی پێکەوەژیان دەکات لای سەرۆک بارزانی بە تایبەتی و لە هەرێمی کوردستانیش بە گشتی."
د.داریوش وەلیم دەشڵێت "سەرۆک بارزانی ڕەمزی پێکەوەژیانە، ڕۆڵی جەنابیان لە پاراستنی کریستیانەکان وەک ڕۆژی ڕووناکە، ئەگەر بۆ سەردەمی هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ عێڕاق بگەڕێینەوە، بەبیرمان دێتەوە سەرۆک بارزانی وەکو چەترێک بووە پەناگە بۆ کریستیانەکانی خوارووی عێراق که بە زۆرەملێ دەرکران و ماڵ و حاڵیان وێران کرا، ئەگەر بۆ موسڵمانەکان مزگەوتێک ئاوەدان کرابێتەوە، بۆ کریستیانەکانیش کەنیسەیەک دروست کراوە، ئەگەر سەرۆک بارزانی بۆ موسڵمانی لێقەوماو هەنگاوێک هاتبێتە پێشەوە، بۆ خەڵکی کریستیان دوو هەنگاو هاتۆتە پێشەوە."
د.داریوش وەلیم لە کۆتاییدا گوتی "بەڕاشکاوی، کوژراین، زیندەبەچاڵ کراین و دەربەدەر کراین، هەر سەرۆک بوو باوەشی بۆ کردینەوە و وای کرد بە سەربەرزی لەسەر خاکی خۆمان لە کوردستان بژین."
هەر پەیوەست بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، ئەکارا ئەلیشا کیۆ، کریستیانێکی تری دەڤەرەکەیە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆرانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئیتاڵیا، پێشوازی پاپای ڤاتیکان و ستایشی ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، هەر سەردانێکی فەرمیی نەبوو، بەڵکو ناردنی هێمایێک بوو کە هەرێمی کوردستان خۆی وەک شوێنێک دەناسێنێت کە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەتوانن پێکەوە بژین، ئەم کەلتووری پێکەوەژیانەش بەتایبەتی بۆ کریستیانەکان زۆر گرنگە، چونکە هەستی پاراستن و پاڵپشتییان پێ دەدات. خاڵی گرنگی دووەم لە سەردانەکە ئەوەیە ڤاتیکان دەنگێکی کاریگەری نێودەوڵەتییە لە بابەتی ئاشتی و مافە مرۆڤاتییەکان، کاتێک سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆ دەبێتەوە، هێمایێکە بۆ جیهان کە کوردستان ئامادەیە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، هاوکات ئەم جۆرە سەردانانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان، بەتایبەتی بۆ بەهێزکردنی گفتوگۆی نێوان موسڵمان و کریستیانەکان و ئایینەکانی دی و ڕێگرتن لە تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی بیری توندڕەوی."
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئەکارا ئەلیشا گوتی "بنچینەی دروستبوونی هەرێمی کوردستان و پێگە سیاسی و دیپلۆماسییەکەی، ڕێبەری هەرێم وەک سەرۆک بارزانی هەر لەسەرەتاوە بنەماکانیان پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان بووە. لە سایەی ئەو کەلتوورەی سەرۆک بارزانی لە هەرێمی کوردستان چەسپاندوویەتی، (قەشە و مەلا) بەیەکەوە دەژین، بەو پەڕی شانازییەوە، ئێمەی کریستیان یاخود (ئاشووری-کلدانی) بە ئازادی یادی بۆنە ئایینیەکانمان دەکەینەوە، بگرە برا موسڵمانەکانیشمان هاوکار و یاوەرمانن لە یادکردنەوەی ئەو ڕۆژانەدا، لە کۆتاییدا گوتی، ئەم ئازادییە بۆ ئێزدی، شەبەک، زەردەشت، کرستییان، موسڵمان و کاکەیی و هتد... بۆ هەمووانه. چونکە ئێمه خاوەن سەرۆک و ڕابەڕێکی وەک سەرۆک بارزانین."
ئەژین غەفار




