بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی؛ باڵەخانەیەکی نوێ بۆ ئینستیوتی کوردیی پاریس دابین دەکرێت

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی گرنگیدان بە پرسە کولتووری و نیشتمانییەکان لە دەرەوەی وڵات، بە ڕاسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە بەشداریی کەرتی تایبەت، بڕیار درا باڵەخانەیەکی نوێ و فراوان بۆ ئینستیوتی کوردی لە پاریس دابین بکرێت، تاوەکو وەک ناوەندێکی گرنگی ڕۆشنبیری درێژە بە خزمەتەکانی بدات.
لەوبارەیەوە دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە تاوەکو بە هاوکاریی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی کوردستان، باڵەخانەیەکی شایستە بۆ ئینستیوتی کوردی لە پاریس بکڕدرێت یان دروست بکرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە ئەو دامەزراوەیە وەک هێمایەکی کوردستانی لە پاریس بەردەوام بێت و ببێتە ناوەندێکی بەهێز بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کورد سوودی لێ ببینێت. ناوبراو ڕوونی کردەوە، مەبەستی سەرۆک بارزانی ئەوەیە ڕۆڵی ئینستیوتەکە کاراتر بکرێت و خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لێ بکەن، تاوەکو ببێتە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان.
لەلایەکی دیکەوە عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "وێڕای دەستخۆشی لەم هەنگاوە، تیشکی خستە سەر مێژووی ئینستیوتی کوردی لە پاریس کە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە. ناوبراو ڕایگەیاند، "ئەم ئینستیوتە ڕۆڵێکی گرنگی لە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بینیوە، ئێمە دەمانەوێت خاوەنی ئۆفیس و باڵەخانەیەکی گەورە بن تاوەکو بتوانن لە هەموو بوارەکاندا کارەکانیان فراوانتر بکەن".
نوێنەری حکوومەت ئەوەشی خستە ڕوو کە فەرەنسا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە بواری کولتوور و هونەر، بۆیە فراوانکردنی شوێنی ئینستیوتەکە دەرفەت دەدات خزمەتی زیاتر بە بوارەکانی فەرهەنگ، هونەر و ڕۆشنبیریی کوردی بکرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی بە بەشداریی سەرمایەدارانی نیشتمانپەروەر، باڵەخانەیەکی فراوان لە پایتەختی فەرەنسا دەستەبەر بکرێت.
ئینستیوتی کوردیی پاریس، یەکێکە لە دێرینترین و گرنگترین ناوەندە کوردییەکان لە ئەوروپا، کە دەیان ساڵە وەک پردێکی پەیوەندیی کولتووری و ئەکادیمی لە نێوان کورد و وڵاتانی ڕۆژئاوا کار دەکات و خاوەنی ئەرشیف و کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندە سەبارەت بە مێژوو و ئەدەبیاتی کورد.
بڵند ئیبراهیم




