پارێزگاری هەولێر : تاوەکو خەڵکی ڕۆژئاوا پێویستیان پێمان بێت ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان، پڕۆسەی کۆکردنەوەی کۆمەک لە سەنتەری شار و دەوروبەری هەولێر بە چڕی بەردەوامە و ڕۆژانە هاوکارییەکان دەگەیەنرێنە شوێنی مەبەست.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لەگەڵ دروستبوونی دۆخی ناهەموار لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر دەست بە کۆکردنەوەی کۆمەک کراوە. ناوبراو ڕوونی کردەوە: "تەنها دوێنێ ١٦ بارهەڵگر کەلوپەل و پێداویستی ڕەوانە کراون و پێشتریش کاروانی دیکە نێردراون، تاوەکو خەڵکی ڕۆژئاوا پێویستیان پێمان بێت، ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت."
سەبارەت بە جۆر و شێوازی گەیاندنی هاوکارییەکان، پارێزگاری هەولێر ئەوەی خستە ڕوو کە پرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ "دەزگای خێرخوازیی بارزانی" بەڕێوە دەچێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو دەزگایە لە ڕۆژئاوا کەمپ و نوێنەرایەتی هەیە و ڕۆژانە زانیاریی وردیان پێ دەگات کە هاووڵاتییان پێویستیان بە چ جۆرە کەرەستەیەکە.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە کە کەرەستەکان بریتین لە پارە، خۆراکی وشک و قوتووبەندکراو، کەرەستەی خۆگەرمکردنەوە، جلوبەرگ و تەواوی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە. هەروەها دڵنیایی دا کە سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی کۆ دەکرێنەوە نوێن و شیاوی بەکارهێنانن بۆ لێقەوماوان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر ستایشی خەڵکی شارەکەی کرد و گوتی، "هەولێر مێژوویەکی دێرین و پڕشنگداری هەیە لە کاری مرۆیی و لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا دەستی هاوکاری بۆ لێقەوماوان درێژ کردووە و سەلماندوویەتی کە هەمیشە پشتیوان و بەخشندەیە."
قائید میرۆ




