٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوەیەک لەبارەی دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەنراوێک لەبارەی مووچەکانی ساڵی ٢٠٢٦ بڵاو دەکاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت کە تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێکی نوێیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەمباریەوە نییە.

وەزارەتی درارایی لە راگەیەنراوەکەدا دەڵیت: سەبارەت بەڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٦، ماوەی چەند ڕۆژێکە چەندین لێدوان و شیکردنەوە و لێکدانەوەی نادروست لەسەر ئەو بابەتە لە بەشێک لە میدیاکانەوە بڵاو دەبێتەوە، بە پێویستمانزانی ئەم بەرچاوڕوونییانە بخەینەڕوو:-

١-  تا ئێستا لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵەوە ھیچ بریار و ڕێنماییەک سەبارەت بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٦ نەگەیشتۆتە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان.

٢- تا ئێستا ھیچ ڕێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە.

٣- وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەروەک ساڵانی پێشوو بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی ھەموو ھەنگاوەکانی دابەشکردنی مووچە.

٤- ھیچ کێشەیەک لەبەردەم وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمدا نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی خاڵی یەکەمە ( واتە بڕیار و ڕێنمایی نوێ بۆ خەرجکردنی مووچە لە ساڵی ٢٠٢٦).

وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەش دەکات "بۆیە تکایە ھەرکەس و لایەنێک کە شارەزای ئەم ڕێکەوتن و ڕێنمایی و ڕێکارانە نییە، زانیاری ھەڵە لەسەر لیستی مووچە و بابەتی ١٢٠ ملیار دینارەکە بڵاو نەکاتەوە، تا لەو ڕێگایەوە بیەوێت بۆ دەستکەوتی کەسی یان سیاسی یاری بەھەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار