د. شاخەوان بۆ KDP: پارتی پێداگرە لەسەر شایستەیی دەستووریی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر ستراتیژی پارتی دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و دەڵێ، پارتی سوورە لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستە وەک شایستەیەکی دەستووری و سیاسی.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پڕۆسەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامە بە مەبەستی تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستوورییەکان، کە خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی نوێدا دەبینێتەوە." ئاماژەی بەوەش دا کە پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی فەرمیی خۆی بۆ ئەم پۆستە هەیە و ڕۆژی سێشەممەی داهاتووش وەک وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکراوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی، "كە ئامانجمان تەنها بەدەستهێنانی پۆستەکە نییە، بەڵکو کار دەکەین بۆ "کاراکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار" لە ڕێگەی کاندیدێکی پارتییەوە، تاوەکو ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی لە پاراستنی دەستوور و هاوسەنگی سیاسی بگێڕێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی کردەوە کە لیژنەیەکی تایبەتمەند لە بەغدا و پەیوەندییە باڵاکانی سەرکردایەتی پارتی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بە مەبەستی سەرخستنی کاندیدی پارتی و تێپەڕاندنی قۆناغی چەقبەستوویی سیاسی لە وڵاتدا.
قائید میرۆ




