بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەگەیەنرێتە کۆبانێ

هەولێر-KDP.info- مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتیوانیکردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژئاوای کوردستان، یەکەمین کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانی دەگەیەنرێتە شاری کۆبانێ.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "چاوەڕێ دەکەین ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2026)، یەکەمین کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانمان بگاتە شاری کۆبانێ، چونکە شارەکە پێویستیی زۆری بە هاوکاری هەیە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، زیاتر لە 34 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون. روونیشی کردەوە، هاوکارییەکان لە شارەکانی عامودێ، دێرک و حەسەکە دابەش کراون.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستە روو، تا ئێستا 114 بارهەڵگری پڕ لە هاوکاری گەیەندراوەتە ڕۆژئاوای کوردستان و چوار هەزار ژەمەخواردن بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کراون.
جەختیشی کردەوە، بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و رێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی، لە گەیاندنی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبن.




