دکتۆر سامان بۆ KDP: ئەو قسانە دوورن لە ڕاستی.. نرخەکانیش کەمکراونەتەوە

هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ تاقیگە و نەخۆشخانەیەکی حکوومی نەدراوە بە کەرتی تایبەت و نرخەکانیش نەک زیاد نەبوون، بەڵکو بەراورد بە ڕابردوو کەمکراونەتەوە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەهیچ شێوەیەک تاقیگە حکوومییەکان نەدراون بە کەرتی تایبەت تا ببنە شوێنگرەوەی حکوومەت، ئەو قسانەی لەو بارەیەوە دەگوترێن دوورن لە ڕاستی و هەندێک کەس بۆ مەبەستی تایبەت بەکاری دێنن."
سەبارەت بە نرخی پشکنین و نەخۆشخانە ئەهلییەکان، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە ڕێکخستنمان بۆ نرخەکان کردووە و ئێستا لە پێشوو هەرزانترن. نرخی پشکنین لە نێوان ٥٠٠ دینار بۆ هەزار دینارە، لە حاڵەتی زۆر دەگمەنیشدا دەگاتە ٢ هەزار دینار، واتە یەک سەنت زیاد نەکراوە."
د. سامان بەرزنجی ڕوونیکردەوە کە شێوازی دابینکردنی ئامێرەکان گۆڕاوە بۆ ئەوەی خەرجیی حکوومەت کەم بێت و داهات زیاد بکات، گوتیشی: "ئێستا تەنیا پارەی ئەو تێستانە دەدەین کە ئەنجام دەدرێن، کۆمپانیاکانیش پابەندکراون ئامێرەکان بە خۆڕایی دابین بکەن و چاککردنەوەشیان لەسەر ئەرکی خۆیان بێت."
بڵند ئیبراهیم




