محەممەد شوکری بۆ KDPی باسی دەستکەوتەکانی هەرێم لە کۆنفرانسی داڤۆس دەکات

داڤۆس-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی داڤۆس زۆر گرنگە و دەستکەوتی زۆر باشی دەبێت و ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و ناساندنی لە جیھان دەباتە قۆناغێکی دیکەوە، بۆیە بەشداریکردنی ھەرێم لەو کۆنفرانسە ئەنجامی زۆر ئیجابی دەبێت.
سەبارەت بە بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کردنەوەی ماڵی کوردستان لە کۆنفرانسی داڤۆس و بەشداریکردنی وەبەرھێنەرانی کوردستان، دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو کۆنفرانسە دیداری لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان لە سیاسی و ئابووری ھەیە و سازکردنی چەندین پەنێل لە کوردستان ھاوس لە نێوان وەبەرھێنەرانی ھەرێمی کوردستان و جیھان و کۆمپانیا جیھانیەکان دەستکەوتی گەورەی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە و کاریگەری لەسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان دەبێت.
دکتۆر محەممەد شوکری گوتیشی، پەیوەندی وەبەرھێنەر و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەبەرھێنەری جیھان دەچێتە قۆناغێکی زۆر بەرز و کاریگەری ئیجابی لەسەر ئابووری و سیاسی ھەرێمی کوردستان دەبێت لە ناساندنی ھەرێمی کوردستان بەڕووی جیھان بەشێوەیەکی زیاتر و کوردستان ئێستا لەجیھان لەو ڕێگەیانەوە زۆر ناسراوە، بۆیە ئەو کۆنفرانسە گرنگی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری دەباتە قۆناغێکی دیکەوە.
بڵند ئیبراھیم




