دیاربەكر دەستی بە پێكەنین كردووە
محەمەد تەزكان
ماوەیەكی درێژە لە دیاربەكر تەبایی هەیە، دیاربەكری ئەمرۆ وەكو دیاربەكری ساڵەكانی 1990 نییە. بە راستی لەو ساڵانەدا بارودۆخی دیاربەكر زۆر خراب و ئاڵۆز بوو، چونكە ژمارەی تانك و پانەزەرەكان لە ژمارەی دانیشتوانی شارەكە زۆرتر بوو و لە دوای بانگی ئێوارەوە كەس بۆ نەبوو لە ماڵی خۆی بچێتە دەرێ. پیاوی دەویست كە دوای بانگی ئێواران لە نێو كۆڵانەكانی دیاربەكردا پیاسەیەك بكات.
بەڵام خۆشبەختانە ئەو رۆژانە بە جێ مان، دیاربەكری ئەمرۆ دەستی بە پێكەنین كردووە، چوونكە پانەزەر و تانك نەمان، خەڵك دەتوانێت لە دوای بانگی ئێوارە تا بەرەبەیانی لە نێو پارك و كۆڵانەكانی شاردا پیاسە بكات.
زۆر كەس ولایەن هەیە كە دەڵێن لە دوای نەرۆزە مێژوویەكەی دیاربەكر ودوای راگەیاندنی ئاگربەستی پەكەكە هیچ جۆرە گۆڕانكارییەك لە ناوچەكە نەكراوە.
وا نییە، گۆڕانكاری باش كراوە، ئاشتەوایی و تەبایی هەیە، هیوا و گەش بینی بە پاشەرۆژ هەیە. پێشتر نە ئاشتەوایی هەبوو نە تەبایی و نە هیوا بەڵام ئەمرۆ هەر هەموویان لە دیاربەكرن و چاوە ماتەمینەكانی دیاربەكریان گەش كردووەتەوە.
لە كاتی سەردانم بۆ دیاربەكر و پیاسە كردنم لە كۆڵان و چایخانەكانی ئەو شارەدا زۆر شتی ئیجابیم بە چاوی خۆم بینی.
لە سەروچاوی هەر كەس تەبەسوم و پێكەنین هەیە، متمانەی خەڵك بە دووبارە بەكار نەهێنانەوەی چەكەكان زۆر زۆر بەهێزە. لە كاتی قسە كردنم لەگەڵ خەڵكدا ویستم راوبۆچوونی ئەوان وەربگرم و ئەوانیش ویستیان لە رێگای منەوە راوبۆچوونی خەڵكی رۆژئاوای توركیا وەربگرن. خەڵكی دیابەكر زۆر مێراقی ئەوە دەكات كە ئایا خەڵكی رۆژئاوای توركیایش بە دەست پێكردنی قۆناخی چارەسەری و بێدەنگ كردنی چەكەكان خۆشحاڵە یا نا؟
مەبەستی ئەوان ئەوەیە كە بزانن ئایا خەڵكی توركیا بەم قۆناخە دڵخۆشە.
من سەبارەت بەم مەسەلەیە چەندین بابەتم نووسی و ئێستایش دەنووسم و چوونكە من وا تێگەیشتم كە كورد و تورك و تورك و كورد زۆر جار خراب سەیری یەكتریان كرد، زۆر جار بوونە دژی یەكتر و رەق و كینێكیش لە نێوان هەر دوو لادا هەبوو بەڵام هەمیشە تورك پەكەكەی لە كورد جیا دەكردەوە و لە پەكەكە تووڕە دەبوو و كوردیش دەوڵەتی لە تورك جیا دەكردەوە و لە دەوڵەت تووڕە دەبوو. ئەگەر بە پێچەوانەوە بووبایا ئەوا ئەم وڵاتە بەرگەی شەڕس 30 ساڵەی نەدەگرت و رووبەرووی شەڕ ناوخۆیی دەبوویەوە.
ئێوارە من مێوانی سەرۆك شارەوانی دیاربەكر عوسمان بایدەمیر و هاوسەرۆكی بەدەپە گۆلتەن قشناق بووم، زۆر بە بەرفراوانی باسی قۆناخەكە و مەسەلە جیاجیاكانمان كرد. ئەوانیش وەكو خەڵكی نێو كۆڵانەكان زۆر خۆشحاڵ و گەش بینن، ئەوان سەبارەت بە دانانی چەك لە لایەن پەكەكەیەوە خاوەن متمانەیەكی بەهێزترن و دەڵێن تازە دەستمان بە قۆناخە كرد ناتوانین بە هیچ شێوەیەك وازی لێ بهێنین.
لێیانم پرسی كە باشە ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە دتانەوێ بێنەوە بۆ توركیا، داخۆ لە توركیا چی بكەن؟
ئەم پرسیارەم لە عوسمان بایدەمیر و گۆلتەن قشناق پرسی، بەڵام وتیان هێشتاكە زووە كە باسی ئەم قۆناخە بكەین چوونكە هێشتا زۆر شتی دیكە ماوە كە چارەسەری بكەین و گەڕانەوەی ئەندامەكانی پەكەكە دوایین هەنگاوی ئەم قۆناخەیە هەر بۆیە ئێستا زووە سەبارەت بەم مەسەلەیە گفتووگۆ بكەین.
منیش وتم هیچ زوو نییە، ئەوا 14 ساڵە كە ئوجەلان گیراوە، ئەو كاتەیش داوای لە ئەندامەكانی پەكەكە كردبوو كە لە نیو سنوورەكانی توركیادا بكێشنەوە، ئەندامانی پەكەكە كێشانەوە و ئاگربەستیش راگەیندرا بەڵام بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هیچ هەنگاوێك نەنرا و دووبارە شەڕ و یەكتر كوشتن دەستی پێكردەوە. كاتی چارەسەر كردنی پرسی كورد هاتووە و بگرە تێپەڕیش بووە.
ئایا هەوڵدانەكانی ئەمرۆیش هەر وەكو هەوڵدانەكانی هاوینی 1999 نین؟ گۆلتەن قشناق دەڵێت تەنیا بگەڕینەوە بۆ باوەشی دایكەكانی خۆیانیان بەسە، بەڵام بایدەمیر تۆزێك بەرفراوانتر بیر دەكاتەوە دەڵێت دەتوانین لە رێگای بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكانەوە دەرفەتی كاریان بۆ برەخسێنین. باشە بەڵام چە جۆرە كارێكیان بۆ ئامادە دەكەی ئایا كەسێك كە 10 ساڵ چەكی لە دەست بووە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا چووەتە چیا و لە 25 ساڵیدا دەگەڕیتەوە دەتوانێت كە لە گاراجێكیدا وەكو زرێڤان كار بكات؟ بایدەمیر دەڵێت نابێت. راستە نابێت و كەسێكی بەمجۆرە ناتوانێت كارێكی بەمجۆرە بكات.
لێرەدا من تێگەیشتم كە نە بەدەپە و نە حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و هەنگاوەكانی دوایی هیچ جۆرە نەخشە رێگایەكیان نییە، بەتەنیا دەڵێن با چەكەكان بێدەنگ بكرێن و پرسی كورد چارەسەر بكرێت. باشە پرسی كورد تەنیا بە دانانی چەك چارەسەر ناكرێت، پێویستە پلان بۆ داهاتووی ئەو كەسانە ئامادە بكرێت كە تۆ داوایان لێ دەكەی چەك دابنن.
وەكو كۆتایی من داوا لە حكوومەت و لایەنی كوردی دەكەم كە ماوەیەكی درێژە دریاربەكر لە نێو ماتەم و گریان و ئاژاوەدا بووە و تازە خۆری هەڵهاتووە دەستی بە پێكەنین كردووە و هیچ جۆرە مافێكتان نییە كە دووبارە دیاربەكر ناچار بكەن كە دەست بە گریان بكاتەوە بۆیە پێویستە پلان و نەخشە رێگای باشتان بۆ داهاتوو هەبێت و ئەگینا هەوڵدانەكانتان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بەبێ ئەنجام دەمێنن.
سەرچاوە: میللیەت




