خالید ئەلبێرت: ھەمووان وەکو ڕەمزێکی نەتەوەیی تەماشای سەرۆک بارزانی دەکەن

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ھەمووان وەکو ڕەمزێکی نەتەوەیی تەماشای سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە سەردانی ئەمجارەی سەرۆک بارزانی دەبێتە مایەی خێروخۆشی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەت و گەلی کوردستان بە گشتی."
خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان لە کاتێکی زۆر ھەستیار و گرنگ و مێژوویی بوو، چونکە سەرۆک بارزانی ھەر سەردانێک بکات ئەنجامی زۆر باش و دەسکەوتی گرنگی دەبێت، بۆیە کاتی خۆیشی ھەرێمی کوردستان خرایە ژێر ئابلۆقەی حکوومەتی عێراق، نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، سەردانی ڤاتیکانی کرد، ئەوکات پاپا فرانسیس خوا لێی خۆش بێت پاپای ڤاتیکان بوو و داوایان کرد ئابلۆقەی سەر ھەرێم ھەڵبگیرێت و کورد لەو نەھامەتییە ڕزگار بکرێت، ئەوەبوو دۆخەکە باش بوو و فڕۆکەخانەکان کرانەوە، ئێستاش ھەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، ڕۆژئاوای کوردستان ھێرشی دەکرێتە سەر، ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی دەبێتە خێروخۆشی بۆ ئەوان و ھەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان بەگشتی، چونکە دەکرێ قەداسەتی پاپا لەڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەزگاکانی کڵێسا یاخود وەزارەتی دەرەوەی فاتیکانەوە، فشار لە یەکێتیی ئەوروپا بکات و ئەو کێشانەی ھەن چارەسەر بکرێن، مافی کوردیش لە سووریا بدرێت."
بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هێما بۆ ئەوەش دەکات "سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان پێشتر ئامادەکاری بۆ کرابوو، سەردانەکەش لەو کاتە ھەستیارەدا ئەنجام درا، بۆیە سەردانێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو و دڵنیام ئەنجامی زۆر باشی بۆ گەلی کورد بەگشتی دەبێت، سەردانەکانی سەرۆک بارزانی ھەمیشە ئەنجامی باشیان ھەبووە، ئەمجارەش کە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە ھاوکاری ھەیە، سەرۆک بارزانی ئەوەی لەدەستی بێت لەڕێگەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڤاتیکانیشەوە درێخی ناکات، چونکە سەرۆک بارزانی مەرجەعی ھەموو کوردە و خۆی بە خاوەنی ھەموو پێکھاتەکانیش دەزانێت، ئەمەش وای کردووە لە ھەموو وڵاتان ڕێزێکی تایبەتی لێ بگیرێت، وەک چۆن بینیمان لە ڤاتیکانیش پاپا ڕێزێکی گەورەی لێ گرت، چونکە دەرگای ڤاتیکان بۆ ھەرێمی کوردستان ھەمیشە کراوەیە، ئەمەش نە یەکەم سەردانە و نە دوایین سەردانیش دەبێت."
ناوبراو دەشڵێت "بڕیارە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ڤاتیکان بکەن، کە بەپێی عورفی ڤاتیکان، پاپای ڤاتیکان بە دەگمەن سەرۆکی ھەرێمەکان دەبینێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان جیاوازە و ھەمیشە ڕێز لە پێکەوەژیان و ھەموو پێکھاتەکان دەگرێت، ھیچ کات جیاوازی لەنێوان پێکھاتەکان نەکردووە، ئەمەش وای کردووە گرنگی بە ھەرێمی کوردستان بدەن."
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "سەرۆک بارزانی ڕەمزێکی نەتەوەییە بۆ ھەموو گەلی کورد و پێکھاتەکان کە لە ھەرێمی کوردستان دەژین، ھەموو لایەک سەردانی دەکەن، بۆیە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ھەموو پرسەکاندا بەرچاوە، ئەوەش وایکردووە لە وڵاتان و پاپای ڤاتیکانیش گرنگیی تایبەتی پێبدەن، چونکە سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە ھەر کێشەیەک ھەبێت نەک تەنیا لە کوردستان، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لەڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




