لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، ناردنی سووتەمەنی و هاوکاریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد

هەولێر-KDP.info- لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوانی ناردنی هاوکاریی مرۆیی و سووتەمەنی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بەپەلە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە شەپۆلی سەرما.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بڕی پێویست لە سووتەمەنی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت." جەختیشی کردەوە کە ئەمە تەنها بۆ یەکجار نییە، بەڵکو پرۆسەکە تا کۆتایی وەرزی سەرما بەردەوام دەبێت.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە شەپۆلێکی سەرما و بارودۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت و پێویستیی زۆر بە سوتەمەنی و پێداویستییەکانی گەرمکردنەوە هەیە.




