مەکتەبی ڕێکخستن جەختی لە یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتیان کردەوە

دھۆک-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دھۆک کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ پەرلەمانتارانی ھەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دھۆک، و بە ئامادەبوونی ھەر یەک لە بەڕێزان ڤیان سلێمان و سەباح بەیتوڵڵا، یاریدەدەرانی مەکتەبی ڕێکخستن، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ پەرلەمانتارانی ھەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کران، ھەروەھا خوێندنەوە بۆ کاریگەریی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان کرا و جەخت لەسەر پێویستیی خۆبەرھەڤکردنی تەواوی پەرلەمانتاران کرایەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە یاسایی و نیشتمانییەکانیان، بە مەبەستی نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خەڵک لەم قۆناغە ھەستیارەدا، بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ دوپاتکردنەوەی ھەماھەنگیی نێوان ئۆرگانەکانی حیزب و نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و داکۆکیکردن لە ماف و دەستکەوتە نەتەوەییەکان.
کۆبوونەوەکە بە جەختکردنەوە لەسەر یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە و پاراستنی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان کۆتایی ھات.





