مەسرور بارزانی و جۆناسان پاوڵ جەختیان لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش کردەوە

داڤۆس-KDP. info - لە درێژهى دیدار و کۆبوونهوهکانیدا له داڤۆس، ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بهریتانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بهریتانیا، هەروەها جەخت لە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش کرایەوە.
هەردوولا جەختیان لە پێویستی کۆتاییهێنان بە پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتی و لەیەکتێگەیشتن.




